نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان باسیان لە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئەڵمانیا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەبارەی ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى ئەنقەرە له‌گه‌ڵ بەغدا و هەولێر كرد.

رۆژی پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەڵمانیا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاساییشی میونشن، گەشتی دیدار و کۆبوونەوەکانی هەر ئەو رۆژە دەستیپێکرد، ئەمڕۆ هەیینی، 16-02-2024، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردە و بەرپرسی وڵاتان کرد و لەنێویاندا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوونەوە و بيروڕايان لەبارەی دواپێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى، گۆڕييه‌وه.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پاراستنى ئاساييش و سه‌قامگيرى و هاريكاريى هاوبه‌شى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كان له‌سه‌ر ئاساييش و ئاراميى هه‌ردوو وڵات.‌
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "هه‌روه‌ها لەکۆبوونەوەکەدا باسيان له‌ دوايين هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و گفتوگۆكان له‌مباره‌يه‌وه‌ كرد."
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و كارى پێكه‌وه‌ييى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو."