ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا وەزیرێکی دیکەی پەسندکرد
رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگ بەربژێرێکی دیکەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکای پەسندکرد، ئەویش وەزیری ناوخۆیە.
دێبرا هالاند، بەربژێر بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی ئەنجوومەنی پیراندا بە دەنگی 51 سیناتۆری ئەمریکا لە بەرامبەر 40 دەنگی نەخێردا پەسەندکرا و بووە یەکەم ئەمریکیی رەسەن بتوانێت پۆستێکی باڵای لەو جۆرە لە ئیدارەی کۆشکی سپیدا وەربگرێت.
هالاند ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بووە لەسەر لیستی دیموکراتەکان و پەسندکردنیشی وەک وەزیری ناوخۆ لە ئەمریکا بە رووداوێکی مێژوویی ناوبراوە.
سیناتۆر چەک شومەر، سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران دوای پەسەندکردنی هالاند رایگەیاند ئەنجوومەنی پیران توانی بە پەسندکردنی هالاند دوو جار مێژوو تۆمار بکات، یەکێکیان لەبەرئەوەی یەکەمین ئەمریکیی رەسەنە لە مێژوودا بۆ پۆستی وەزیر بەربژێر کراوە، دووەمیش لەبەرئەوەی یەکەم بەرپرسیی ئەمریکی رەسەنە لە کابینەی حکومەتی ئەمریکا دەبینرێت.
شومەر پێیوایە وەرگرتنی ئەو پۆستە لەلایەن هالاندەوە سەرەتای رێگایەکە بۆ هاوکاریکردنی پێکهاتەی ئەمریکییە رەسەنەکان و کۆتاییهێنان بە مامەڵەی خراپ لەگەڵیاندا.
دێبرا هالاند لە ساڵی 1960 لە دایکبووە. 2012 ئەندامی کەمپەینی هەڵبژاردنی باراک ئۆباما بووە. هالاند ساڵی 2015-2017 بەرپرسی دیموکراتەکان بووە لە نیو مەکسیکۆ. لە ساڵی 2019 بووەتە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران و نوێنەری نیو مەکسیکۆ بووە.
هالاند لە 17ی دیسەمبەری 2020 لەلایەن جۆ بایدنەوە بەربژێر کرا بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ و 15ی ئادار لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە پەسندکرا. هالاند یەکەم ئەمریکیی رەسەنە پۆستی وەزیر وەربگرێت.