لە یۆنان 9 کەس بە تۆمەتی قاچاخچێتیی کۆچبەران دەستگیر کران


رووداو دیجیتاڵ

لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بۆ پشتیوانی لە کۆچبەران خۆپێشاندان کرا. کەشتییەک وەرگەڕاوە و نزیکەی 80 تەرم دۆزراونەتەوە، هێشتا تیمەکانی فریاکەوتنی یۆنان دەگەڕێن و پیشبینی دەکەن، ژمارەی خنکاوەکان بگاتە 500 کۆچبەر.
 
تەنیا 100 کەس لە 750 سەرنشینەکەی کەشتییەکە رزگاریان بووە و زۆربەی ئەوانی دیکە بێسەروشوێنن، بەرپرسانی یۆنانی دەڵێن، نۆ کەسی میسرییان دەستگیرکر دووە کە گومانیان لێدەکرێت قاچاخچی بووبن.
 
تەنیا هەفتەیەک دەبێت وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر سیاسەتی کۆچبەری گەیشتوونەتە رێککەوتن، هێشتا مورەکەبی واژۆکانیان وشکنەبووەتەوە، کارەساتێکی هێندە گەورەی مرۆیی روویدا، ئەوانەی رەخنەیان لە رێککەوتنەکە هەیە دەڵێن، وەرگەڕانی کەشتییەکە بەڵگەیە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کۆچبەران بەو رێککەوتنە ناکرێت.
 
حکومەتەکانی ئەوروپا لەسەر سێ مژار پێکهاتوون:
 
یەکەم؛ چۆن وابکەن ئەو کۆچبەرانەی چانسی وەرگرتنیان نییە پێیان نەخەنە نێو یەکێتیی ئەوروپا.
 
دووەم؛ ئەوانەی هاتوونە و ناتوانن بڕۆنەوە چۆن دەربکرێن لە ئەوروپا.
 
سێیەم؛ چۆن هەموو وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بکەونە ژێر باری وەرگرتنی کۆچبەران و گوشارەکە بەسەر 27 وڵاتەکەی یەکێتییەکە دابەش ببێت.
 
هێشتا دەبێ پەرلەمانی ئەوروپا رێککەوتنەکە پەسەند بکات و ئەمساڵیش تەواو نابێت، بەڵام لە ئێستاوە گەنگەشەی ئەوە دەستیپێکردووە کە ئەو رێککەوتنە ئەوروپا رزگار دەکات یان وەک کەشتییە نێو ئاوەکەی یۆنان لە کۆچبەراندا نوقمی دەکات.