ترەمپ بۆ ئێران: بەر لەوەی کار لە کار بترازێت با دانوستاندن بکەین
رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممە رایگەیاند، ئێران لە ململانێیەکەیدا لەگەڵ ئیسرائیل سەرکەوتوو نابێت و پێویستە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستاندن "پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت."
دۆناڵد ترەمپ لە کاتی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی گرووپی 7 لە کەنەدا لە وەڵامی رۆژنامەڤاناندا گوتی: "60 رۆژمان لەبەردەم بوو لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی رێکبکەوین، بەڵام بوو بە رۆژی 61ـەمین و هیچ رێککەوتنێک نەکرا. ئەو جەنگەی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران روودەدات بۆ هەردوولا ئازار بەخشە، بەڵام ئێران بە رێكکەوتن رازی نەبوو."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە داوای لە ئێران کردەوە بە رێککەوتن رازی بێت و جەختیشی کردەوە کە بە زوویی ئەم کارە بکات بەرلەوەی کار لە کار بترازێت.
رۆژنامەڤانێک پرسیاری لە ترەمپ کرد: دەستوەردانی سەربازی دەکەن؟ ترەمپ گوتی: "نامەوێ قسە لەسەر ئەوە بکەم، با بزانین چۆن دەبێت."