رووسیا هەنگاوێکی دیکە لە دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ کۆرۆنا نزیکبووەوە
رووداو دیجیتاڵ
وڵاتانی زلهێز و خاوەن ئابووری بەهێز، لە سەردەمی کۆرۆنادا ململانێی ئابووری و خۆپڕچەککردنیان بۆ ماوەیەک وەلاوە ناوە، هەموو سەرنجیان لەسەر ئەوەیە پێش یەکدی ڤاکسین بۆ کۆرۆنا بدۆزنەوە.
رووسیا دەڵێت، هەنگاوێکی دیکە لە دۆزینەوەی ڤاکسین بۆ کۆرۆنا نزیکبوونەتەوە و ڤاکسینەکەیان لەسەر 18 کەس تاقیکردووەتەوە، هیچ ئەنجامێکی نەرێنییان لەسەر دەرنەکەوتووە. کەسەکان تەندروستن و ڤاکسینەکە زیانی تەندروستی پێنەگەیاندوون.
یوری، ئەو خۆبەخشەیە کە ڤاکسینەکەی لەسەر تاقیکراوەتەوە و دەڵێت "ئێمە ئێستا دەزانین کە 100% پارێزراوین و لەوە ناترسین بچینە دەرەوە."
وەزارەتی بەرگریی رووسیا کە سەرپەرشتی ڤاکسینەکە دەکات، باسی لەوە نەکردووە کە پێکوتەکەیان تاوەکو چەند دەتوانێت کۆرۆنا لەنێوببات، بەڵام یەکێک لەو پزیشکانەی کە چاودێری تاقیکردنەوەی پێکوتەکەی کردووە گوتی کە بەرگریی خۆبەخشەکان لە دژی کۆرۆنا بەهێز بووە و ژمارەیەکی زۆری دژەتەنیان دروستکردووە کە وایان لێدەکات تووشی کۆرۆنا نەبن.
سڤێتلانا ڤۆلچیکینا، لێکۆڵەری پزیشکی ئاماژە بەوە دەدات کە سیستمی بەرگری لەشیان بە باشی کاردەکات. دژە تەن دروستدەکرێن و ئێستا ئەوان لە کۆرۆنا پارێزراون.
خۆبەخشەکان لە 18ی حوزەیرانەوە پێکوتەکەیان لێدرابوو و لە نەخۆشخانەیەکی سەربازی لە مۆسکۆ جیاکرابوونەوە و رۆژانە پشکنینیان بۆ ئەنجامدراوە.
وەزارەتی بەرگریی رووسیاش دەڵێت، لەماوەی 28 رۆژی دوای کوتانەکە، تەندروستییان بە باشی ماوەتەوە. هاوکات لە 23ی حوزەیران پێکوتەکە لەسەر گرووپێکی دیکە تاقیکراوەتەوە و ئێستا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدان. وەزارەتی بەرگریی رووسیا چاوەڕێدەکات تاقیکردنەوەی پێکوتەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تەواوبێت.
جیهان رێگەی دۆزینەوەی ڤاکسینی دژی پەتای کۆرۆنا گرتووەتەبەر کە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 13 ملیۆن و 700 هەزار کەسی لە تەواوی جیهان تووشکردووە، هەوڵەکانیش تاوەکو ئێستا بێئەنجام نەبوون، کۆمپانیایەکی ئەمریکی دەڵێت، جیهان هەنگاوێکی دیکە لە دەستکەوتنی ڤاکسینی کۆرۆنا نزیکە.
کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی کە لە بواری دەرمان کاردەکات، رایگەیاندبوو، کە کۆتایی ئەم مانگە دوایین تاقیکردنەوەی ڤاکسینی کۆرۆنا لەسەر مرۆڤ ئەنجامدەدات. بەگوتەی کۆمپانیاکە ئەو 45 خۆبەخشەی لە قۆناخی یەکەم ڤاکسینەکەیان لەسەر تاقیکرابووەوە ئەنجامی دڵخۆشکەریان پیشانداوە و "ڤاکسینەکە بەرگریی جەستەیانی بەهێزکردووە".
پێشبینیدەکرێت، ئەنجامی کۆتایی تاقیکردنەوەکان لە 27ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 رابگەیێنرێن، بەڵام چاوەڕێدەکرێت ئەنجامە بەراییەکان لە ساڵی 2021 دەربکەون.