باوکێکی کورد لەکاتی رزگارکردنی منداڵەکەی لە رووبارێكی ئەڵمانیا دا خنکا


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆژانە شەپۆلێکی گەرمای تاقەتپڕووکێن لە ئەورووپای داوە، هەندێک وڵات هۆشدارییان داوە و دەڵێن، دەبێ ئەم چەند رۆژە زۆر ئاگایان لە خەڵکی بەتەمەن و ئەوانە بێ کە بەرگەی گەرمای زۆر ناگرن. لە ئەڵمانیا و هۆڵەندا رێکخراوە خێرخوازییەکان بە ئاوی سارد و فێنککەرەوە یارمەتیی ئەو کەسانە دەدەن کە لەسەر شەقامن و ماڵیان نییە.
 
لەبەرئەوەی ئەمڕۆژانە پشووی قوتابخانەکانیشە، زۆر لە دایکان و باوکان منداڵەکانیان دەبنە مەلەوانگە و پارکەکان و سەر رووبارەکان، بەتایبەتیش ئەوانەی کۆچبەرن و لە ئاپارتمانی وادا دەژین کە زوو گەرم دادێن و فێنککردنەوەیان ئاسان نییە، زۆرتر خەڵک دەچێتە دەرەوە.
 
ماڵباتی هەڤاڵ حوسێنیش لە شاری کوێلن چووبوونە سەر رووبار بۆ خۆفێنکردنەوە، کاتێک یەکێک لە منداڵەکانی مەترسیی بۆ دروست دەبێ، ئەو کوردە دیاسپۆرانشینە خۆی فڕێدەداتە ناو ئاو، بێ ئاگا لەوەی ئەمە دوایین هەناسەدانی دەبێ و کەمێک دواتر دەخنکێ.
 
بەپێی داتا فەرمییەکان، ئەم ساڵ 25 کەس لە رووباری رایندا خنکاون، بۆیە لە شاری دوسلدۆرف بڕیاردراوە کە مەلەکردن لە رووباردا قەدەخە بکرێ و ئەوەی سەرپێچی بکات بە 1000 یۆرۆ سزا دەدرێ.