فرانسوا هۆلاند: پێویستە بژاردەی هێرشی سەربازی دژ بە رژێمی سووریا وەك خۆی بمێنێتەوە
رووداو
فرانسوا هۆلاند، سەرۆكی فەرەنسا هێرشی سەربازیی دژ بە رژێمی سووریا بەدوور نازانێت و پێیوایە پێویستە بژاردەی كردەی سەربازی وەك خۆی بمێنێتەوە، "ئەگەر فشارە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەری كێشەی سووریا سەركەوتوو نەبوو".
لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی TV1ی فەرەنسی، سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند "فەرەنسا بەشداریی لە پرۆسەی چەكداماڵینی سووریا دەكات و سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بۆ ئەم مەبەستە لەگەڵ هەریەكە لە وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و بەریتانیا كۆدەبێتەوە و دواتریش روودەكاتە رووسیا و لەگەڵ هاوتاكەی لە حكومەتی رووسیا كۆدەبێتەوە".
لە چاوپێكەتنەكەدا هۆلاند ئاماژەی بەوەدا، كە ئامادەی كۆبوونەوە سێقۆڵییەكەی وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵاتی فەرەنسا، ئەمریكا و بەریتانیا دەبێت. ئاشكراشی كرد "پێویستە هەڕەشەی سزای نێودەوڵەتی دژ بە سووریا لە ئارادا بێت بۆ ئەوەی سوووریا زیاتر پابەند بێت بە رێككەوتنەكان و كۆتایی بە لەناوبردنی چەكە كیمیاییەكانی بهێنێت".
هۆلاند لە بارەی رۆڵی وڵاتەكەیەوە لە دۆزینەوەی چارەسەری دیبلۆماسی كێشەی سووریا گوتی: "ئەو فشارەی فەرەنسا لەگەڵ ئەمریكا بەكاریهێناوە وایكرد كاریگەرییەكی بەهێز بخاتە سەر ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا بۆ ئەوەی دەستپێشخەری بكات و چارەسەرێكی دیبلۆماسی پێشنیاز بكات كە چانسی ئەوەی خستە بەردەم هەمووان بگەنە رێككەوتنێك".
سەبارەت بە ئەگەری سەركەوتنی هەوڵە دیبلۆماسییەكانیش، هۆلاند ئاماژەی بە هەبوونی چارەسەرێكی گونجاو كرد، بەڵام ئاماژەی بە مانەوەی بژاردەی سەبازیش دا و گوتی:"ئێمە لە دۆخێكداین كە رێگەمان پێدەدات باوەڕمان بە چارەسەرێكی گونجاوی سیاسی هەبێت بۆ كێشەكە، بەڵام دەبێت ئەوەش روون بكەمەوە كە بژاردەی هێرشی سەربازی پێویستە لە شوێنی خۆیدا بمێنێتەوە، ئەگەر هەنگاوە دیبلۆماسییەكان هیچ فشارێك لەسەر سووریا دروست نەكات".
بەڕای چاودێرانی سیاسی زۆربەی هێزەكانی رۆژئاوا گومانیان لە هاوكاریكردنی سووریا هەیە لە پرۆسەی چەكداماڵیندا و پێشتریش وەزیری دەرەوی ئوسترالیا رایگەیاندووە، كە بەشار ئەسەد ئەو ٣٠ رۆژەی وەك مۆڵەت داوایكردووە، بۆ شاردنەوەی چەكە كیمییاییەكانی بەكاری دەهێنێت.