رێکخراوی FAO ئاماری برسێتی لە جیهان بڵاودەکاتەوە
رووداو - هەولێر
بەپێی راپۆرتێکی ساڵی 2014 ی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانFAO "لە دونیادا لە هەر 9 کەس، کەسێک برسییە".
بەپێی راپۆرتەکە 805 ملیۆن کەس بەشێوەیەکی درێژخایەن برسین، بەڵام ئەگەر بە بڕیارێکی سیاسییەوە رووبەڕووی برسێتی ببنەوە تاوەکو ساڵی 2025 کەسێکی برسی نامێنێت.
لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە، لە ماوەی 12 ساڵی رابردوودا توانراوە 200 ملیۆن کەس لە برسێتی رزگار بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا ئاستی برسێتی بە راددەیەکی پێشبینینەکراو بەرزە، بەو پێیەی لەساڵی 1990-1992 رێژەی برسێتی 18.7 بوو، بەڵام لەماوەی 12 ساڵدا توانراوە ئەو رێژەیە بۆ 11.3 داببەزێنرێت، واتە گەیشتووەتە 20 ملیۆن کەس.
نەتەوە یەکگرتووەکان پلانێکی هەزار ساڵەی هەیە بۆ بنبڕکردنی برسێتی و بەپێی ئەو پلانە تاوەکو ساڵی 2015 دەبێ رێژەکە بۆ نیوەی داببەزێندرێت، واتە سەدا 9، بەو پێیەش لە ئامانجەکەی خۆی نزیکبووەتەوە.
بەپێی راپۆرتەکەی FAO لەنێوان ساڵانی 2012-2014 دا 805 ملیۆن کەس، واتە لە هەر 9 کەس کەسێک برسییە، هۆکاری برسێتیش نەبوونی خۆراکی پێویست و ئاڵۆزییە نێوخۆییەکان و کارەساتە سروشتییەکانن، زۆرترین رێژەش لە باشووری ئاسیا بووە.
بەپێی دابەشکاری برسێتی بەسەر کیشوەرەکاندا زۆرترین رێژە بەر ئاسیا دەکەوێت، کە 525 ملیۆن کەس برسییە، دوای ئەو کیشوەری ئەفریقا دێت کە 226 ملیۆن کەس برسین، لە ئەمریکای باشوور 37 ملیۆن.
هەریەکە لە چین، پاکستان، هیندستان، ئەسیوپیا، تەنزانیا و ئیندۆنیزیا ئەو وڵاتانەن، کە زۆرترین رێژەی برسێتیان تێدا بڵاوبووتەوە.