دۆناڵد ترەمپ: 25 ملیۆن هەلی کار دەڕەخسێنم
رووداو - سکای نیوز
بەربژێری کۆمارییەکانی ئەمریكا لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن رایگەیاند، پلانی داناوە ساڵانە گەشەی ئابووری وڵاتەكەی نزیکەی 4% بەرزبكاتەوە، لە 10 ساڵی داهاتووشدا 25 ملیۆن هەلی کاری نوێ بڕەخسێنێت.
دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان رۆژی هەینی 16-9-2016، لە گوتارێکدا كە لە یانەی ئابووری نیویۆڕك پێشكەشیكرد، رایگەیاند تیمە ئابوورییەکەی پلانیان داناوە ساڵانەی گەشەی ئابووری ئەمریکا بە رێژەی 3.5% بەرز بکەنەوە، هاوکات پلانیشی داناوە رێژەی وەرگرتنی باج کەمبکاتەوە.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی بازرگانی ئەمریکا، لە چارەگی دووەمی ئەمساڵ تێکڕای گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی ئەمریکا 1.1% بووە لەسەر بنەمای ساڵانە.
وێڕای رەخساندنی 25 ملیۆن هەلی كاری نوێ لە 10 ساڵی داهاتوودا، ترەمپ جەختی لەسەر پلانەكەی كردەوە كە کەمکردنەوەی باجیش لەخۆدەگرێت بەڕێژەی 4.4 تریلیۆن دۆلار.