هەوڵی پاراستنی کولتووری 'دەواری کازاخی' لە باکووری چین دەدرێت

رووداو دیجیتاڵ 

لە ناوچەی شینجیانگ لە باکووری رۆژئاوای چین، چەنگیزگول نوورەدین، ژنە پیشەوەرێکی کازاخی، ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ پاراستنی هونەری کۆنی دروستکردنی تاوڵ یان دەوار، ئەو هەوارە شێوە بازنەییەی کە بووەتە هێمای کولتووری کۆنی کازاخییەکان.
 
ئەم هەوڵە پێشاندەری هەوڵێکی قووڵە بۆ هێشتنەوەی میراتێکی نەریتی کە رووبەڕووی مەترسی لەناوچوون بووەتەوە.
 
چەنگیزگول، بە هەڵگرتنی شێواز، رەنگ و وردەکاریی تایبەتی دەوارەکان، ماوەیەکی درێژە سەرقاڵی پاراستنی میراتی تاوڵی کازاخییە. ئەو خۆی چیرۆکی دەستپێکردنی کارەکەی دەگێڕێتەوە: "لە تەمەنی حەوت یان هەشت ساڵییەوە دەستم کرد بە فێربوونی درووین. لە بیستەکانی تەمەنمدا، کار و کاسبیی خۆم بە دروونی جلوبەرگ دەستپێکرد. پاشان، لە نێوەڕاستی چلەکانی تەمەنمدا، وەک میراتگرێکی کولتووری لە بواری جلوبەرگی نەریتی کازاخیدا، خەڵات کرام."
 
ئەو خۆشەویستییەکی قووڵی بۆ کولتووری دەوار هەیە، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "لە نێو دەوارەکاندا گەورە بووم، خۆشەویستییەکی قووڵم بۆ کولتووری دەوار هەیە، کە زۆر بەنرخە بۆ ئێمە. هەر بۆیە بڕیارم داوە وەک بەشێک لە کەلەپووری کولتووری بیپارێزم."
 
چەنگیزگول لەم ساڵانەی دواییدا، لە رێگەی لێکۆڵینەوەی چڕوپڕەوە، 22 جۆری جیاوازی دەواری کازاخی پۆلێن کردووە، ئەوەش بەپێی شێوە، شوێنی دەرگە و پێکهاتەکانییەوە. هەر دیزاینێک واتایەکی تایبەتی هەیە؛ بۆ نموونە، "ناو سوور بۆ بووک و زاوا، پەمەیی بۆ کچانی گەنج و رەنگە زێڕینەکان ئاماژەن بۆ بنەماڵەی ناودار."
 
چەنگیزگول جەخت لەسەر گرنگی ئەم کولتوورە دەکاتەوە و دەڵێت: "دەوارە کازاخییەکان، تەنیا ماڵ نین، بەڵکو ئەوان دڵ و ناسنامەی خێڵەکیمانن. نوێنەرایەتیی تەواوی شێوازی ژیانمان دەکەن. کەچی زۆربەی تەکنیکەکان لە مەترسیی لەنێوچووندان، چونکە ژمارەیەکی کەم لە گەنجان شارەزاییان لەو بوارەدا هەیە."
 
راستییەکە ئەوەیە کە کەمن ئەو کەسانەی کە شارەزاییان لە هێشتنەوەی کولتووری دروستکردنی دەواردا هەیە. زۆربەی کارە وردەکانی وەک چنینەوەی قایشی دەوروبەری رەشماڵەکان بە گژوگیا، تەنیا بە کەسانی بەئەزموون دەکرێت کە تەمەنیان زیاترە لە شەست ساڵ. ئەمەش نیگەرانییەکی گەورە دروست دەکات سەبارەت بە گواستنەوەی ئەم زانیاری و هونەرە بۆ نەوەی نوێ، بەڵام هەوڵەکانی چەنگیزگول نوورەدین و هاوشێوەکانی، چرای ئومێدێکە بۆ پاراستنی ئەم بەشە گرنگەی کولتووری کازاخی لە چین.