ئەردۆغان بۆ رووسیا و ئۆکراینا: بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانییەکان سوودی بۆ هیچ لایەک نییە


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا هۆشداری دەداتە رووسیا و ئۆکراینا و دەڵێ، گرژییەکانی نێوانیان زیانی بە هاتووچۆی دەریایی دەریای رەش دەگەیێنێت. 
 
لە شازدەیەمین کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیوزانی وڵاتان کە ئەمڕۆ سێشەممە، 16-12-2025، لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە بەرێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان ناڕەزایی لە گرژیی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە دەریای رەش نیشاندا و رایگەیاند، ئەو دۆخە زیان بە هاتووچۆی دەریایی ناوچەکە دەگەیەنێت.
 
ئەردۆغان: بە ئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانی و سڤیلەکان سوودی بۆ هیچ لایەک نییە
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد تورکیا پەیوەندیی باشی لەگەڵ رووسیا و ئۆکراینا هەیە و گوتی: "ئەم ساڵ هەردوو وڵاتمان سێ جار لە ئیستەنبووڵ لە دیداردا کۆکردەوە. ئەمە دەستکەوتێکی باشی بۆ دیپلۆماسیی تورکیا هەیە. لەو کاتەوەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، زۆر جار رێبەریی دیدارەکانی تایبەت بە هەناردەی دانەوێڵە و گۆڕینەوەی دیلەکانمان کردووە. لەڕووی مرۆییشەوە بە ئەنجامی باش گەیشتین".
 
لەبارەی ئەو درۆنەی شەوی رابردوو لە دەریای رەش لەلایەن تورکیاوە خرایە خوارەوە، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: "بە جێبەجێکردنی خاڵەکانی رێککەوتننامەی مۆنترۆ بە شێوەیەکی ورد، رێگریمان لەوە کرد کە جەنگەکە بگاتە دەریای رەش، بەڵام ئەو هێرشە دوولایەنانەی ئەم دواییە، هەڕەشەی جیدیی لەسەر ئاسایشی هاتووچۆی دەریای رەش دروستکردووە. بەئامانجگرتنی کەشتییە بازرگانی و سڤیلەکان سوودی بۆ هیچ لایەک نییە. لەم بابەتەدا هەردوولا ئاگادار دەکەینەوە".
 
ماوەیەکە گرژییەکانی دەریای رەش روو لە زیادبوونن و ئەمە یەکەمجار نییە تورکیا هۆشداری دەدات.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان رۆژی 13ـی کانوونی یەکەمیش هۆشداریدا لەوەی نابێت دەریای رەش بکرێتە گۆڕەپانی ململانێ و گوتی: "دۆخێکی لەو شێوەیە تەنیا زیان بە رووسیا و ئۆکراینا دەگەیێنێت. ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی لە دەریای رەش بۆ هەموو لایەک گرنگیی زۆری هەیە."
 
پێشتر و لە رۆژی 12ـی کانوونی یەکەمدا، سێ کەشتیی بازرگانیی تورکیا لە ئەنجامی هێرشکردنە سەر بەندەرەکانی ئۆکراینا زیانیان بەرکەوت. هێزی دەریایی ئۆکراینا رایگەیاندبوو، هێرشەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی رووسیاوە کراون، بەڵام مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە.
 
ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە ئەردۆغان رۆژێک بەر لەم رووداوانە، لە پایتەختی تورکمەنستان لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا کۆببووەوە.
 
شەوی رابردوو چی روویدا؟
 
شەوی رابردوو وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، درۆنێک کە لە دەریای رەشەوە بەرەو ئاسمانی تورکیا دەهات، لەلایەن رادارەکانەوە لە نزیک ناوچەی "چانکری" دەستنیشانکرا.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی بەرگری، دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکە، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری F-16 کە لەژێر فەرماندەیی ناتۆ و هێزی ئاسمانیی نیشتمانیی تورکیادان، خرانە ئامادەباییەوە .
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "دەرکەوت تەنەکە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە. بۆ رێگریکردن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو، لە ناوچەیەکی دەرەوەی نیشتەجێبوون و سەلامەت کرایە ئامانج و خرایە خوارەوە."
 
پەیماننامەی گەرووەکانی مۆنترۆ چییە؟
 
پەیماننامەی گەرووەکانی مۆنترۆ ساڵی 1936 لە نێوان بولگاریا، فەرەنسا، بەریتانیا و 14 هەرێمی ژێر دەستی بەریتانیا، ئیرلەندا، هیندستان، یۆنان،  ژاپۆن، رۆمانیا، یۆگسلافیا، یەکێتیی سۆڤیەت و تورکیا واژۆکرا. 
 
بە واژۆکردنی پەیماننامەی گەرووەکانی مۆنترۆ لە 20ی تەمموزی 1936دا چوون و هاتن لە گەرووەکاندا بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی تورکیا سەرلەنوێ رێکخراوەتەوە. 
 
پەیماننامەی گەرووەکانی مۆنترۆ بۆ تورکیا لە دوای رێککەوتننامەی لۆزان، یەکێکە لە گرنگترین دەقە یاساییەکان، کە چەندین دەیەیە پارێزگاری لێدەکات.