ساڵی رابردوو 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد کراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەم ساڵ ژیریی دەستکرد و دەسکەوتەکانی تەکنۆلۆجیا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس گرنگییەکی زۆری پێدراوە.
سام ئاڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئۆپێن ئەی ئای، ساتیا نادێلا، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، یان لوکان، بەڕێوەبەری بەشی زانست لە کۆمپانیای مێتا بەشێکن لەو سەرکردانەی تەکنۆلۆجیا کە بەشدارن لە کۆڕبەندی ئەم ساڵی ئابووری جیهان.
لە ساڵی 2023دا بەبڕی 50 ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد کرا.
بەپێی شارەزایان، پێشکەوتنەکانی بواری تەکنۆلۆجیای ژیریی دەستکرد هەرچەندە هەلی نوێی بۆ داهێنان هێناوەتە ئاراوە، بەڵام مەترسیشی دروستکردووە لەسەر سیستمی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری جیهان.
ئایدین گۆمێز، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای کۆهێر کە لە بواری ژیریی دەستکرد کاردەکات لەو بارەیەوە دەڵێت، "بە بڕوای من بازاڕەکان تازە بە ئاگا هاتوونەتەوە. لە 2023دا هەموو کەس پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکردی بینی. دەرکەت بەکارهێنەران کەیفیان بە بەرهەمەکانی ژیری دەستکرد دێت. ژیریی دەستکرد ئەزموونی ناوازە و ئەفسووناویی دروستدەکات و ئێستا هەموو کەس دەیانەوێت بزانن چۆن خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن".
بەپێی راپۆرتی کۆمپانیای راوێژکاری ئیدێلمان، یەکێک لەو نیگەرانییانە کە ژیری دەستکرد دروستیدەکات کەمکردنەوەی هەلەکانی کارکردنە.
ریچارد ئیدێلمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی ئیدێلمان دەڵێت، "بەپێی راپۆرتەکەی ئێمە و ئەو پێنوێنەی کە هەمانە، هەلیکار لەدەست دەچێت، بەڵام دەبێت بۆ ئەوە ئامادەکاری بکرێت و تۆڕێکی پاراستنی کۆمەڵایەتی دابنرێت. قۆناخی گواستنەوە هەر روودەدات و دەبێت بازرگانییەکان بتوانن متمانە بە سیستمی سەرمایەداری بگەڕێننەوە".
سندووقی نێودەوڵەتی دراو لە دوایین راپۆرتیدا کە هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی ئابووری جیهان بڵاویکردەوە هۆشداریدەدات کە زیرەکی دەستکرد دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی 40٪ی هێزی کار لە جیهان زیانی پێبگات. ئەو ناوەندە گەورەیەی جیهان دەڵێت، زیانی ژیریی دەستکرد بۆ هێزی کار لە وڵاتە پێشکەوتووەکان زیاترە و 60٪ی هێزی کار لەو وڵاتانە زیانی پێدەگات.