وەزیرانی بەرگریی تورکیا و یۆنان لە برۆکسل کۆبوونەوە
رووداو دیجیتاڵ
هەریەک لە خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا و نیکۆلاس پاناگیتۆپوڵس، وەزیری بەرگریی یۆنان لە بارەگای ناتۆ لە برۆکسل کۆبوونەوە.
ئەو کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی ناتۆ بوو کە رۆژی چوارشەممە16-02-2022 دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بەردەوامدەبێت. هەردوو وەزیرانی بەرگریی تورکیا و یۆنان 70یەمین ساڵیادی ئەندامێتیی وڵاتەکانیان لە ناتۆ پیرۆزکرد و باسیان لە دۆخی سیاسیی نێوان ئەنقەرە و ئەسینا کرد.
ململانێ و ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا، رەگێکی مێژوویی قووڵی هەیە و چەند جارێکیش گەیشتووەتە ئاستی پێکدادانی سەربازی.
ناکۆکییەکانی ئەو دوو وڵاتە، سیاسی، ئابووریی و چەندین رەهەندی دیکەیان هەیە. لەم ساڵانەشدا رکابەرییە ئابوورییەکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا تووندە، بەتایبەتی دوای ئەوەی هەردوو وڵات بڕیاری گەڕان بەدوای سەرچاوە سروشتییەکانیان دا لە دەریای سپیی نێوەڕاست.
لەدوای جیابوونەوە و سەربەخۆبوونی یۆنان لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ساڵی 1832، هیچ کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان یۆنان و تورکیا جێگیر نەبووە، ئەو دوو وڵاتە لە مێژووی خۆیاندا چوار جار جەنگیان بەرپا کردووە:
جەنگی تورکیا - یۆنان ساڵی 1897
جەنگی بەلقانی یەکەم ساڵی 1912
جەنگی یەکەمیی جیهانی 1914-1918
جەنگی دووەمی یۆنان - تورکیا 1919 - 1922
لەدوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەرەو باشی چوون. هەردوو وڵات ساڵی 1952 بوونە ئەندامی ناتۆ، بەڵام جارێکی دیکە و ماوەیەکی کەم دوای پەیوەندیی ئەرێنی، ناکۆکییەکانی نێوانیان لەسەر دوورگەی قوبرس و دەرکردنی یۆنانییەکان لە تورکیا لە شەستەکانی سەدەی رابردوو پەرەی سەند.
لووتکەی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لە 1974 بە داگیرکردنی بەشێک لە قوبرس لەلایەن تورکیاوە کۆتاییهات، تاوەکو ئێستاش دەسەڵاتداریی بەسەر ئاوی ئیجە، خاڵێکی گەورەی ناکۆکی نێوان هەردوو وڵاتەکەیە.