کۆریای باشوور دابەزاندنی دیپسیکی بلۆک کرد
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی کۆریای باشوور ئەمڕۆ دابەزاندنی چات بۆتی ( دیپسیک)ـی چینییان بلۆک کرد، تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوە دەکەن کە چۆن مامەڵە لەگەڵ داتاکانی بەکاربەران دەکات.
چۆی جانگ هیوک، جێگری سەرۆکی کۆمیۆسیۆنی پاراستنی زانیاریی تاکەکەسیی کۆریای باشوور رایگەیاند، " لێکۆڵینەوە لە دیپسیک دەکەین لەوەی چۆن داتا تاکەکەسییەکانی بەکاربەران شیدەکاتەوە و کۆی دەکاتەوە."
هیوک رایگەیاند؛ دەبێت لەوە دڵنیاببنەوە شێوازی کارکردنی دیپسیک هاوتەریبە لەگەڵ یاسا و رێساکانی وڵاتەکەی.
چاتبۆتی دیپسیک، بە تێچوویەکی کەم دروستکراوە و رکابەری لەگەڵ چاتبۆتە ئەمریکییەکانی وەک چات جی پی تی دەکات، کاریگەریی گەورەی لەسەر بازاڕەکانی جیهان داناوە.
لەکاتی راگەیاندنی دیپسیک، بەهای پشکی کۆمپانیا تەکنۆلۆجییەکانی ئەمریکا زیاتر لە یەک تریلیۆن زیانی بەخۆیەوە بینی.
سەرەڕای ئەوەش؛ پێشکەوتنەکانی ئەو چاتبۆتە گڕی لە بازاڕەکانی بۆرسەی چین بەردا و بە بەهای زیاتر لە 1.3 تریلیۆن دۆلار، بازاڕەکانی چینی بەرزکردەوە.
لە ئەمریکاش کۆنگریس یاسایەکی پێشنیاز کردووە کە رێگری لە بەکارهێنانی دیپسیک لەسەر سیستم و کۆمپیوتەرەکانی دامەزراوەکانی حکومەت دەکات.
هەروەها لە ئۆسترالیا، حکومەت بەکارهێنانی دیپسیکی قەدەخەکردووە و نیگەرانیی خۆی دەڕبڕیوە لەوەی لەڕێگەی چاتبۆتەکەوە، داتای کەسیی بەکاربەران بۆ سیخوڕی بەکاربێت و بدرێتە حکومەتی چین.
لە تایوان بە هەمان شێوە؛ بەکارهێنانی ئەوچات بۆتە لەسەر ئامێرەکانی دامەزراوە حکومییەکان قەدەخەکراوە.
ئیتاڵیاش لێکۆڵینەوەی لە دیپسیک دەستپێکردووە لەبارەی مامەڵەی لەگەڵ داتا و زانیارییەکان.