"هێزی خۆبەخشی نێودەوڵەتی" دژی داعش پێكدەهێنرێ
رووداو- هەولێر
تیمێکی سەربازانی پێشووی سوپای بەریتانیا كە ژمارەیان هەشت كەسە، سەرقاڵی خۆئامادەکردنن تاوەكو بۆ بەشداریكردن لە جەنگی دژی داعش بەریتانیا بەرەو سووریا جێبهێڵن.
ئەم هەشت کەسە بە نیازن "هێزی خۆبەخشی نێودەوڵەتی" پێکبهێنن و ژمارەیەک جلوبەرگ و چەکی سەربازیشیان بۆ شەڕڤانان کڕیوە.
یەکێک لە ئەندامانی ئەم تیمە رایگەیاندووە، یەکە سەربازییەکەی ئەوان ئامادەیە خۆبەخش لە هەر وڵاتێکی ئینگلیزی زمان وەربگرێت و یارمەتیشیان دەدەن دوای پێدانی راهێنانی سەربازی، لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بگەنە نێو سووریا.
ئەو ئەندامەی هێزی خۆبەخشی نێودەوڵەتی، سەبارەت بە سۆزی خۆیان بۆ هێزی بەریتانی دەڵێت:" ئەگەرچی ئێمە هەمان یونیفۆرمی سوپای بەریتانیامان لەبەرە، بەڵام لەراستیدا هیچ پەیوەندیمان بەو هێزانەوە نییە. ئێمە هێزێکی زۆر دەخەینەکار، بۆ ئەوەی یارمەتی هێزەكانی کورد لە سووریا بدەین. هەروەها دەمانەوێت لە بری کارکردن لە میلیشیا جیاجیاکان، سەرچاوەیەکی یارمەتی گرنگبین".
سەربازەکەی پێشووی سوپای بەریتانیا نەیویستووە ناوی خۆی و هاوڕێکانی ئاشکرابکات، لەترسی رێگریکردنی حکومەتی بەرتانیا لێیان.
ئەم تیمە هەشت کەسییە پێیانوایە حکومەتی بەریتانیا کە بەشێکە لە هێزەکانی هاوپەیمانان لە دژی داعش، کاری پێویستی نەکردووە و هێرشە ئاسمانییەکان بۆ شکستپێهێنانی داعش بەس نییە.
سەرەتای مانگی ئادار سەربازێکی هێزی دەریایی شاهانە، بوو بە یەکەم هاونیشتمانی بەریتانی کە لە شەڕی دژی داعش شەهیدبووبێت. گوماندەکرێت دوو سەربازی بەریتانی دیکەش بە ناوەکانی مەیسەر گیفرد و تیم لۆکس دژی داعش بجەنگن.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا هۆشداریدەدات کە هەر کەسێک روو لە ناوچەکانی جەنگ لە عێراق و سووریا بکات، لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ دەکرێت، گرنگیش نییە لەگەڵ کام لایەن و دژی کام لایەن بجەنگێت.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت: "حکومەتی بەریتانیا ئامۆژگاری هەموو کەس دەکات، کە خۆیان لە گەشتکردن بۆ سووریا و هەندێک بەشی عێراق بەدووربگرن. باشترین رێگە بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی دژی داعش ئەوەیە یارمەتی خێرخوازی بۆ هێزەکانی دژی داعش دابین بکەن."