لە 24 کاژێردا لە چین تەنیا کەسێک تووشی کۆرۆنا بووە

 
لە چین لە 24 کاژێری رابردوودا تەنیا کەسێک وەک تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار کراوە، ئەوەش دابەزینێکی بەرچاوە لە ژمارەی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە بە بەراورد بە رۆژگارێک کە رۆژانە سەدان کەس تووشی کۆرۆنا دەبوون.
 
ئەو تاکە تووشبووە لە شاری ووهان لە پارێزگەی هووبی تۆمارکراوە، ئەوەش خاڵی وەرچەرخانی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ڤایرۆسە نیشاندەدات کە لە دواییەکانی 2019 لە وڵاتەکە سەری هەڵدا.
 
چین ئێستا لەوە دەترسێت هاووڵاتییەکانی لە وڵاتانی بیانی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببن و لە 24 کاژێری رابردوودا 20 هاووڵاتی بۆ گەڕاوەتەوە کە هەڵگری کۆرۆنا بوون.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیەدا پزیشکانی چینی بە بۆنەی داخستنی سەرجەم نەخۆشخانە کاتییەکانەوە ئاهەنگیان گێڕا.
 
ئێستا لە ووهان تەنیا نەخۆشخانە گشتییە پێشکەوتووەکان لەژێر گوشارێکی کەمتردا خزمەت بە توشبووانی کۆرۆنا دەکەن.
 
تاوەکو ئێستا لە چین 80 هەزار و 881 کەس تووشی کۆرۆنا بوون، 68 هەزار و 709 کەس چاک بوونەتەوە و سێ هەزار و 226 کەس مردوون.