هەواڵگریی ئەمریکا: هێرشەکان رژێمی ئێرانیان لاواز کردووە، بەڵام بەرەو تووندڕۆیی زیاتری بردووە


رووداو دیجیتاڵ

سەرەڕای زیاتر لە دوو هەفتە لە هێرشی ئاسمانیی بێوچان و لەناوبردنی بەشێکی زۆری تواناکانی سەربازیی ئێران، هەڵسەنگاندنە نوێیەکانی هەواڵگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکەن، کۆماری ئیسلامی نەک هەر نەڕووخاوە، بەڵکو خەریکی چەسپاندنی دەسەڵاتێکی "لاوازتر بەڵام تووندڕۆترە" کە راستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئاراستە دەکرێت. ئەوە هەڵسەنگاندنی هەواڵگری ئەمریکایە کە رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان، واشنتن و تەل ئەڤیڤ توانیویانە گورزی کوشندە لە ژێرخانی مووشەکی و هێزی دەریایی ئێران بدەن، تەنانەت عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و دەیان فەرماندەی باڵای سەربازییان کوشتووە، بەڵام دەرەنجامە سیاسییەکانی ئەم شەڕە بەو ئاراستەیەدا نەڕۆیشتوون کە کۆتایی بەو سیستمە سیاسییە 47 ساڵییە بهێنێت.
 
هەڵسەنگاندنەکان باس لەوە دەکەن، لە غیابی سەرکردە ئایینییە تەقلیدییەکاندا، ئێستا سوپای پاسداران (سپا) کۆنترۆڵی تەواوی جومگەکانی بڕیاردانی لە تاران گرتووەتە دەست. رژێمەکە ئێستا وەک "رژێمێکی پاشماوەی سوپای پاسداران" وەسف دەکرێت، کە خاوەنی عەقڵییەتێکی سەربازیی تووندڕۆترە.
 
ریچارد نێفیو، راوێژکاری پێشووی حکومەتی ئەمریکا، لەمبارەیەوە دەڵێت: "سوپای پاسداران چەقی سیستمی دەسەڵاتە؛ ئەوان نەک هەر نەترساون، بەڵکو شەڕەکە ورەی زیاتری پێ بەخشیون بۆ سەرکوتکردنی ناوخۆیی و بەردەوامبوون لە رووبەڕووبوونەوە."
 
گەرووی هورمز؛ "چنگەکێشی" ئێران بۆ بازاڕی جیهان
 
یەکێک لە مەترسیدارترین لێکەوتەکانی ئەم شەڕە، پەککەوتنی جوwڵەی کەشتیوانییە لە تەنگەی هورمز. ئێران بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هەرزان و پاشماوەی مووشەکەکانی، توانیویەتی گەرووەکە بکاتە کارتێکی گوشار. گریگۆری بروو، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "ئەم شەڕە ئێستا تەنیا لەسەر یەک خاڵ کورت بووەتەوە: کێ کۆنترۆڵی تەنگەی هورمز دەکات؟" ئەمەش بووەتە هۆی شڵەژانێکی مێژوویی لە بازاڕی نەوت و وزەی جیهانیدا.
 
نیگەرانیی هاوپەیمانە عەرەبەکان: "تەنیامان مەکەن"
 
لەکاتێکدا ئەمریکا باس لە سەرکەوتنی سەربازی دەکات، هاوپەیمانە عەرەبەکانی لە ناوچەی کەنداودا (سعودیە، ئیمارات، قەتەر، کوێت و بەحرێن) لە دۆخێکی توڕەیی و دڵەڕاوکێدان. ئەوان دەڵێن بوونەتە ئامانجی هێرشە تۆڵەسێنەرەوەکانی ئێران و واشنتن "بەتەنیا" جێی هێشتوون.
بەرپرسێکی باڵای عەرەبی لە کەنداو دەڵێت: "ئەوان ئەم شەڕەیان لە پێناو ئیسرائیل دەستپێکرد، بەڵام ئێمە باجەکەی دەدەین. ئێمە پلانمان بۆ شەڕێکی درێژخایەن نییە و دەبێت ئەم دۆخە زوو کۆتایی بێت."
 
تێچوویەکی بەرز و ئاسۆیەکی لێڵ
 
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە تێچووی ئەم ململانێیە بۆ ئەمریکا گەیشتووەتە12 ملیار دۆلار و 13 سەربازیشیان کوژراون. سەرەڕای ئەوەی ترەمپ و نەتانیاهوو باس لە گۆڕینی رژێم و دیموکراسی دەکەن، بەڵام بەرپرسانی رۆژئاوایی و شرۆڤەکاران هیچ ئاسۆیەکی نزیک بۆ راپەڕینێکی جەماوەری یان جیابوونەوە لە ناو پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێراندا نابینن.
 
هەوڵی دیپلۆماسی بۆ گۆشەگیرکردنی سوپا
 
ئیدارەی ترەمپ دەستیکردووە بە گوشارخستنە سەر وڵاتانی دیکە بۆ دابڕینی زیاتری سوپای پاسداران. لە بروسکەیەکی دیپلۆماسییدا کە رۆژی دووشەممە بۆ هەموو نێردە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا نێردراوە، وەزارەتی دەرەوە رێنمایی دیپلۆماتکارانی کردووە کە گوشار لە حکومەتەکانی ئەو وڵاتانە بکەن بۆ ئەوەی سوپای پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" بناسێنن.
 
بەپێی بروسکەکە کە رۆژنامەی واشنتن پۆست بینیویەتی، داوا لە دیپلۆماتکارەکان کراوە تا رۆژی هەینی ئەم پەیامە لە "بەرزترین ئاستی گونجاودا" بگەیەنن. هەروەها پێیان گوتراوە بەپێی بارودۆخی هەر وڵاتێک، هەماهەنگی لەگەڵ دیپلۆماتکارانی ئیسرائیل بکەن.
 
ئەم هەوڵە نێودەوڵەتییە جێگەی سەرنجە بۆ ئیدارەی دووەمی ترەمپ، کە زۆرجار هەنگاوی یەکلایەنەی لە سیاسەتی دەرەوەدا پێ باشتر بووە. لە بروسکەکەدا هاتووە کە ناساندنی ئەو گرووپانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی – کە دەبێتە هۆی سزای دارایی و قەدەغەی ڤیزا – دەتوانێت رێگری لە تۆڵەسەندنەوەی ئێران بکات، چونکە تاران "بەرامبەر بە هەنگاوی بەکۆمەڵ هەستیارترە وەک لە هەنگاوی یەکلایەنە."
 
دەرەنجام: ئێستا ناوچەکە لەبەردەم سیناریۆیەکی ئاڵۆزدایە؛ رژێمێک لە تاران کە سەرکردە مێژووییەکانی لەدەستداوە، بەڵام لە ژێر سێبەری سوپای پاسداران، شەڕی مان و نەمان دەکات و دەیەوێت لە رێگەی گەرووی هورمز و لێدانی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانانی ئەمریکا، واشنتن ناچاری پاشەکشە بکات.