ڤیدیۆ.. چەکدارێکی گرووپی واگنەر بە پەرجوو لە نیشانشکێنێکی ئۆکراینی رزگاری دەبێت


رووداو دیجیتاڵ 

چەکدارێکی گرووپی واگنەر، کە بە کرێ شەڕ بۆ رووسیا دەکەن، بە پەرجوو لە گوللەی قەناسێکی سوپای ئۆکراینا رزگاری بوو.
 
چەکدارەکە لەگەڵ پۆلێک لە هاوسەنگەرەکانی لە پاڵ دیوارێک بەنیاز بوون پێگەی سەربازانی ئۆکراینی هاوەنباران بکەن، لەناکاو گوللەی قەناسێک بەر سەری دەکەوێت. 
 
گوڕی گوللەکە هێندە تووندە، چەکدارەکە لە شوێنی خۆی دەجوڵێنێت، بەڵام کڵاوەکە پارێزگاری لێدەکات و ناهێڵێت گوللەکە بەر سەری بکەوێت.
 
هاوڕێکەی گاڵتەی پێدەکات و دەڵێت، "پیاوە خۆشبەختەکە، چیترت دەوێت؟ تۆ ماوی؟ نیشانشكێنێک بۆمان دانیشتووە."
 
زیاتر لە شەش مانگە شەڕێکی قورس لە باخموت هەیە، رووسیا گرووپی واگنەری راسپاردووە و چەکیان دەداتێ تاوەکو شارە ستراتیژییەکەیان لە هەرێمی دۆنێتسک بۆ کۆنتڕۆڵبکات.
 
بەهۆی بەرگریی سەختی سوپای ئۆکراینا، شەڕی باخموت زۆر خوێناوییە و ئاماژە بە گیانلەدەستدانی هەزاران سەرباز لە هەردوولا دەکرێت.