ترەمپ: تەنگەی هورمز بە تەواوی کرایەوە، بەڵام گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەمێنێتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەنگەی هورمز بە تەواوی بە رووی هاتووچۆی بازرگانی و کەشتیوانیدا کراوەتەوە، بەڵام گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنی نێوانیان 100٪ کۆتایی دێت.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" گوتی، رێڕەوە ستراتیژییەکە ئێستا "بە تەواوی کراوەیە و بۆ کار و تێپەڕبوونی کەشتییەکان ئامادەیە"؛ هاوکات ئاماژەی بەوە کرد کە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا "بە هەموو هێز و کاریگەرییەکی خۆیەوە" تەنیا سەبارەت بە ئێران وەک خۆی دەمێنێتەوە.
 
ترەمپ گەشبینیی خۆی نیشاندا کە گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران زۆر بە خێرایی بەڕێوە بچێت و گوتی: "ئەم پڕۆسەیە دەبێت زۆر بە خێرایی بڕوات، چونکە زۆربەی خاڵەکان پێشتر دانوستاندنیان لەسەر کراوە."
 
ئەم بڕیارەی ترەمپ بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز دوای ئەوە هات کە لە 28ی شوباتەوە و بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، هاتووچۆی نەوت و گاز لەو رێڕەوەدا پەکیکەوت و ئەوەش نرخی لە بازاڕی جیهانیدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە.
 
پێش ئەم تویتە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردنەوەی تەنگەی هورمزی راگەیاند. 
 
عێراقچی رایگەیاند: "هاوتەریب لەگەڵ ئاگربەستەکەی لوبنان، تێپەڕبوونی هەموو کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمزەوە بۆ ئەو ماوەیەی کە لە ئاگربەستەکە ماوە، بە تەواوی بە کراوەیی رادەگەیێنین."