راپۆرتێک: ئەمریکا و ئێران لەسەر ئازادکردنی سەرمایەی بلۆککراو بەرامبەر رادەستکردنی یۆرانیۆمی پیتێندراو گفتوگۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران خەریکی دانوستاندنن لەسەر پلانێکی سێ لاپەڕەیی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ. بەگوێرەی رەشنووسی رێککەوتنەکە، واشنتن 20 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران ئازاد دەکات، لە بەرامبەردا تاران دەستبەرداری تەواوی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی دەبێت.
نێوەڕۆکی رێککەوتنە پێشنیازکراوەکە
دوو بەرپرسی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادار بە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)یان راگەیاندووە، کارە لەپێشینەکەی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە کە ئێران نەتوانێت دەستی بەو 2,000 کیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێنراوە بگات کە لە ژێر داروپەردووی بنکە بۆردوومانکراوەکانی هەیەتی، بەتایبەتی ئەو 450 کیلۆگرامەی کە بە رێژەی 60٪ پیتێنراوە.
سەرەتا واشنتن ئامادەیی نیشاندابوو تەنیا 6 ملیار دۆلار بۆ کڕینی خۆراک و دەرمان ئازاد بکات، بەڵام تاران داوای 27 ملیار دۆلاری کرد. ئێستا هەردوولا لەسەر بڕی 20 ملیار دۆلار گفتوگۆ دەکەن.
گرێکوێرەکانی بەردەم رێککەوتنی کۆتایی
بەگوێرەی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، دەبێت ئێران بە شێوەیەکی "خۆویستانە" پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێ. لێرەدا خاڵی ناکۆک ئەوەیە کە ئەمریکا داوای راگرتنی پیتاندن بۆ ماوەی 20 ساڵ دەکات، بەڵام ئێران تەنیا بە 5 ساڵ رازییە.
هەروەها پێشنیاز کراوە کە بەشێک لە یۆرانیۆمە زۆر پیتێنراوەکە بۆ وڵاتێکی سێیەم بگوازرێتەوە و بەشەکەی دیکەشی لە نێوخۆی ئێراندا و لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتی، پلەی پیتاندنەکەی دابەزێندرێت. جگە لەمانە، دەبێت هەموو دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لەسەر زەوی بن و بنکە ژێرزەوینییەکان بە پەککەوتوویی بمێننەوە.
تەنگەی هورمز و گرووپە چەکدارەکان
رێککەوتنەکە باسی تەنگەی هورمزیش دەکات، بەڵام سەرچاوەکان دەڵێن هێشتا جیاوازی گەورە لەنێوان تێڕوانینی هەردوولادا ماوە. هەروەها روون نییە ئایا پرسی مووشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتیی ئێران بۆ گرووپە نزیکەکانی وەک حەماس و حیزبوڵڵا بەشێکن لە رێککەوتنەکە یان نا؛ پرسێک کە ئیسرائیل و کۆمارییە تووندەکانی واشنتن سوورن لەسەر ئەوەی دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ بن.
هۆشدارییەکانی ترەمپ و گەڕی نوێی گفتوگۆکان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند، رەنگە نوێنەرانی هەردوولا رۆژی یەکشەممە لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان بۆ گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان کۆببنەوە. پاکستان بە هاوکاریی میسر و تورکیا نێوەندگیرییەکە دەکات.
ترەمپ هۆشداری دا و گوتی: "زۆر لە رێککەوتن نزیکین. ئەگەر رێککەوتن نەکرێ، بۆردوومانەکان دەستپێدەکەنەوە؛" هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێران رازی بووە یۆرانیۆمە پیتێندراوەکە رادەست بکات. ترەمپ ئامادەیی خۆشی نیشاندا کە ئەگەر پێویست بکات، ماوەی ئاگربەستەکە بۆ دوای 21ی نیسانیش درێژ بکاتەوە.
بڕیارە رۆژی هەینی، نێوەندگیرە پاکستانی، میسری و تورکەکان لە پەراوێزی کۆڕبەندی دیپلۆماسی لە تورکیا، کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیە ئەنجام بدەن بۆ تاوتوێکردنی دوایین هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.