ئیندۆنیزیا قیبلەی گەشتیارانی دنیا
رووداو- ئیندۆنیزیا
گەشتێكی 10 كاژێریمان بە فڕۆكە لە بەردەمە و دەبێت هەزاران كیلۆمەتر بۆ گەیشتن بە جاكارتای پایتەختی ئیندۆنیزیا ببڕین. ئامانجەكەش بەشداریكردنە لە بیستەمین خولی رۆژی ئازادیی رۆژنامەوانی لەجیهان.
ئیندۆنیزیا كە بە زیاتر لە 17 هەزار دوورگە و 240 ملیۆن دانیشتووەوە گەورەترین وڵاتی بە ئاین موسوڵمانە، یەكێكە لە وڵاتە گەشتیارییەكانی جیهانیش، دیمەنی سەرنجڕاكێشی ئەو دەیان هەزار دوورگەیەی ئیندۆنیزیا پێكدێنن، ساڵانە نزیكەی 15 ملیۆن گەشتیار لە سەرانسەری جیهانەوە رادەكێشن.
گەندەڵی لە ئیندۆنیزیا
گەندەڵی لە دامودەزگاكانی حكومەت، دەردێكە كە ئیندۆنیزییەكان پێوەی دەناڵێنن، لوقمان قادر كە موسوڵمانێكی دانیشتووی جاكارتایە، دەڵێت "لە وڵاتەكەم گەندەڵی بەشێوەیەكی بەربڵاو لە گەشەدایە، لە میدیاكانەوە دەست پێدەكات تاوەكوو دەزگاكانی حكومەت".
لە نێو وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا، ئیندۆنیزیا یەكێكە لە ئابوورییە بەهێزەكانی ناوچەكە، بەڵام وەك لوكی یوسف دەڵێت، هەمووان تامی ئەو ئابوورییە بەهێزە ناكەن. لوكی كە چالاكڤانێكی سەر بە رەوتی ئیسلامی سیاسییە لە جاكارتا، دەڵێت "گەندەڵی لە ئیندۆنیزیا بڵاوە، بەتایبەتی لە جاكارتا كە هەموو كەس دەزانێت بەدەست گەندەڵییەوە گیرۆدە بووە، بە تایبەتی لە دابەشكردنی زەویدا گەندەڵییەكی زۆر هەیە، لە دوو مانگی رابردوودا، زۆربەی بەرپرسەكان زەوی گرانبەهایان بەسەر خۆیاندا دابەش كرد".
مانگی رابردوو هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیندۆنیزیا بەڕێوەچوو، ئەنیس باسویدان بە حاكمی نوێی جاكارتا هەڵبژێردرا، باسویدان كە بەڵێنی دژایەتی گەندەڵی بە خەڵكی جاكارتا دا، 55%ی دەنگەكانی هێنا.
باسویدان پلانەكەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ئاشكرا كرد و بە (رووداو)ی گوت "پێویستە سیستمی مووچە رێكبخەینەوە، تاوەكو هەموو كەس بە قەد ماندووبوونی پارەی پێبدرێت، ئەوكاتە كەمترین گوشار لەسەر بودجەی گشتی دروست دەبێت، پێوستە یاسایەكی توند بۆ بەهەدەردانی پارە دەربكەین، نابێ چاوپۆشی لەوانە بكەین كە گەندەڵی دەكەن".
گەشتیار.. سەرچاوەیەكی پڕ داهات
خەزێنەی ئیندۆنیزیا لە چوار سەرچاوەی جیاوازەوە پارەی بۆ دێت، پیشەسازی، كشتوكاڵ، وزە و گەشتیاری. بەڵام كەرتی گەشتیاری لە هەمووان زیاتر پارە دێنێتە وڵات.
ساڵانە چەندین ملیۆن گەشتیار لە سەرانسەری دونیاوە سەردانی دوورگە سەرنجڕاكێشەكانی ئیندۆنیزیا دەكەن، دوورگەی بالی ژمارە یەكی ناوچە گەشتیارییەكانی ئیندۆنیزیایە، هەم لەڕووی جوانی و سەرنجڕاكێشیی سروشتەكەیەوە، هەم لەڕووی ژمارەی ئەو گەشتیارانەی سەردانی دەكەن.
رووبەری دوورگەی بالی نزیكەی شەش هەزار كیلۆمەتر دووجایە و لە 8 پارێزگا پێكهاتووە. ژمارەی دانیشتووانەكەشی نزیكەی 5 ملیۆنە.
وڵاتی ئاینە جیاوازەكان
نزیكەی 87%ی دانیشتووانی ئیندۆنیزیا موسوڵمانن، ئەوەش كردوویەتیە گەورەترین وڵاتی دنیا كە زۆرترین موسوڵمانی تێدا دەژی، بەڵام ئەوە وای نەكردووە ئایینەكانی دیكە قەدەغەكراو بن، بوزی و هیندۆسی و مەسیحیش لە ئیندۆنیزیا پەرستگای خۆیان هەیە و بە ئازادی سرووتە ئاینییەكانی خۆیان بەڕێوەدەبەن، هەمووان پێكەوە و لە جوگرافیای ئیندۆنیزیادا بە ئاشتی بێ كێشە دەژین.
ناوچەی كوتا لە باشووری بالی، هاوشێوەی هەموو ناوچەكانی دیكەی ئیندۆنیزیا لە تێكەڵەیەكی ئاینی پێكهاتووە، بەڵام زۆرینەیان هیندۆسن كە 75%ی دانیشتووانی دوورگەكە پێكدەهێنن و موسڵمانان 10% و مەسیحییەكان 10% و بوزییەكانیش 5%ی دانیشتووانی بالی پێكدێنن.
ئاین بەشێكی گرنگی ژیانی بالییەكان پێكدێنێ، زۆربەی ماڵە هیندۆسەكان پەیكەرێكیان بە خانووەكانیانەوە هەڵواسیوە كە بە خودای خۆیانی دەزانن. لەگەڵ خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابووندا لێی دەپاڕێنەوە و داوای رزق و رۆزی رۆژی لێدەكەن.
هەموو ناوچەكانی دوورگەی بالی بە تۆڕێك لە شەقامە قیركراوەكان بەستراونەتەوە و بەنێو دارستان و سەوزاییدا كێشراون. سەوزاییەك كە هەرگیز گەڵاوەرین بەخۆوە نابینێ، چونكە ئەم ناوچەیە كەمەرەییە و كەشوهەوایەكی نیمچە جێگیری هەیە.
لەساڵی 2002 و دواتر لە ساڵی 2005، دوورگەی بالی رووبەڕووی هێرشی تیرۆرستان بووەوە و بەو هۆیەوە ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار كوژران. بەڵام ئەو تەقینەوانە كاریگەریان لەسەر كەمبوونەوەی گەشتیاران نەبووە و ساڵ بەساڵ ژمارەی گەشتیاران بۆ دوورگەكانی ئیندۆنیزیا زیاد دەكات.
پێشبینی دەكرێت ژمارەی گەشتیاران بۆ ساڵی 2017 بگاتە 15 ملیۆن كەس كە 40%ی ئەو ژمارەیە روو لە دوورگەی بالی دەكەن.