یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی بە ئەندامبوونی وڵاتانی رۆژئاوای بالکان دەکات

رووداو دیجیتاڵ
 
لە شاری یوبلیانا، پایتەختی سلۆڤینیا، لووتکەی وڵاتانی رۆژئاوای باڵکان، واتە وڵاتانی سەر بە یوگسلاڤیای پێشوو، بەڕێوەدەچێت. ئامانجی ئەم کۆبوونەوەیە زیادکردنی گوشارەکانە بۆ سەر ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا لەپێناو خێراکردنی پرۆسەی بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتانە لە یەکێتییەکە..
 
سلۆڤینیا و کرواتیا تاکە دوو وڵاتی ئەو نیمچە دوورگەیەی ئەوروپان، کە تاوەکو ئێستا بوونەتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا.
 
بوونی ژمارەیەکی زۆر کۆچبەر لە بۆسنیا و وڵاتانی دیکەی باڵکان، یەکێکە لە کێشەکانی نێوان باڵکان و  یەکێتیی ئەوروپا. 
 
بۆسنیا لە رابردوودا وەک دەروازەی پەڕینەوەی کۆچبەران دەبینرا، بەڵام  چەندین مانگە وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە هەموو رێگەکانیان داخستوون.. کەچی لە باشووری رۆژهەڵاتەوە بولگاریا سنوورەکانی بەرەو  باڵکانی رۆژئاوا واڵاکردوون لەکاتێکدا بولگاریا ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاشە.
 
زۆران تێگلتیا، سەرۆکوەزیرانی بۆسنیا دەڵێت: "ئێمە گوتوومانە کە بۆسنیا هەمیشە ئامادەیە ببێتە هاوبەشێک لە پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنی سنووردا، بەڵام ناکرێت بۆسنیا ببێتە دیلی ئەم قەیرانی کۆچبەرییە؛ کۆچبەرەکان بە ئاسانی دەگەنە بۆسنیا، کەچی رێگەی دەرچوونیش لەو وڵاتەوە داخراوە".
 
یەکێتیی ئەوروپا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، پێویستی بە بۆسنیایە، ئەو وڵاتەش چاوی لە ئەندامبوونە لە یەکێتییەکە. بەڵام ئەوروپییەکان چاوەڕێن لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە، چارەنووسی کۆچبەرەکان دیاری بکرێت. 
 
ئیلڤا یۆهانسن، کۆمیسیاری یەکێتی ئەوروپا دەڵێت: "لە پاکێجەکەمدا باسی ئەوەم کردووە کە ئەوانەی دێنە نێو ئەوروپا بۆ داواکردنی مافی پەنابەرێتی، پێویستە دۆسیەکانیان بۆ داواکردنی ئەو مافە لە دەرەوەی سنوورەکانی یەکێتییەکە یەکلایی بکرێتەوە، ئەوەی کە پێی دەگوترێت، مامەڵەی سەرسنوور". 
 
رۆژئاوای باڵکان لە 10 وڵات پێکدێت. تائێستا تەنیا دوو وڵاتی باڵکان بوونەتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەوانیش سلۆڤینا لە ساڵی 2005 و کرواتیا لە ساڵی 2013. هەروەها سربیا و مۆنتێنێگرۆ لە ساڵی 2025 دەبنە ئەندام. ئەلبانیا و مەسەدۆنیای باکوور لە 2020ەوە بەربژێرن، بەڵام کۆسۆڤۆ و بۆسنیا هێشتا بەربژێریش نەکراون.
 
رۆڵ و چالاکی رووسیا لە هەندێک وڵاتی باڵکان، وەک سربیا، بۆسنیا و مۆنتێنیگرۆ کێشەیەکی دیکەی ئەوروپایە لەگەڵ رۆژئاوای باڵکان.
 
ئەم پرسانەش دەبنە کاری سەرەکی سلۆڤینیا کە لە مانگی تەممووزی ئەمساڵ بۆ ماوەی 6 مانگ سەرۆکایەتی ئەوروپا وەردەگرێت، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆشدا، تاوتوێی هەوڵەکانی سلۆڤینیا دەکرێت بۆ خێراکردنی پرۆسەی بە ئەندامبوونی وڵاتانی رۆژئاوای باڵکان لە یەکێتیی ئەوروپا.