ئەڵمانیا سنوورەکانی کردنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانیش دەستپێدەکەنەوە
رووداو - ئەڵمانیا
دوای سێ مانگ قەدەخەی هاتووچۆ حکومەتی ئەڵمانیا سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی کردنەوە و گەشتە ئاسمانییەکانیشی لەگەڵ 27 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا دەستپێکردەوە.
چووینە سێ گۆشەی سنووریی نێوان ئەڵمانیا، هۆڵەندا و بەلجیکا. لە ئەوروپا 48 خاڵی هاوشێوەی ئەو سنوورە لەنێوان سێ وڵاتدا هەن. دوای سێ مانگ قەدەخەی هاتووچۆی نێوان ئەو وڵاتانە، جارێکی دیکە سنوورەکان کراوەنەتەوە.
لە ئەوروپایەکی یەکگرتوودا گەشتکردنی بێسنوور خەونی 500 ملیۆن ئەوروپی بوو کە 25 ساڵە هێناویانەتە دی، بەڵام کۆرۆنا ئەو سنوورەی کێشایەەوە.
لە سنووری نێوان ئەو سێ وڵاتەدا چایشتخانەیەک هەیە بە ناوی "دری لاند پۆینت". دوو ساڵ پێش رێکەوتنی شنگن کراوەتەوە. رۆژانی پێش کۆرۆنا هەمیشە پڕ بوو لە میوانانی هەرسێ وڵات، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە دوو مانگ و نیوە داخراوە.
لیزبون براون، بەڕێوەبەری چێشتخانەی دری لاند پونت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە یەکی مانگی حوزەیرانەوە چێشتخانەکەمان کردەوە، ئەو کاتە تەنیا گەشتیارە ئەڵمانییەکان دەیانتوانی سەردانمان بکەن. ئێستا کە سنوورەکانمان کراونەتەوە، دڵخۆشین کە دەتوانین پێشوازی لە میوانە بەلجیکییەکانیشمان بکەین. ساڵی رابردوو ئەم کاتانە دووکانەکەمان بەرنەدەکەوت؛ هەندێک نانیان دەخوارد هەندێکیش تەنیا بۆ خواردنەوە. بە ملیۆن گەشتیار ساڵانە سەردانی خاڵی سێ گۆشەی ئەم سێ وڵاتەیان دەکرد. هیوادارم بە زووترین کات هاوشێوەی جارانی لێبێتەوە".
25 ساڵە ئەوروپییەکان بەبێ کێشە و لەمپەر هاتووچۆی هەر وڵاتێکی ئەوروپی دەکەن. ئەوە پەیوەندیی بەهێزی ئابووری و کۆمەڵایەتیی لەنێوان ئەو وڵاتانەدا دروستکردووە.
رۆنی یانسنس هاووڵاتییەکی ئەڵمانییە و دەڵێت، "بۆ ئێمە زۆر ئەستەم بوو. سێ مانگ بۆمان نەبوو بچینە دەرەوەی وڵات. زۆر ناخۆش بوو کە دوورخرابووینەوە و تەنیا لە ماڵەوە بووین. بە تەنیا لەبەردەم تەلەڤزیۆندا دادەنیشتین و باس باسی کۆرۆنا بوو. من زۆر حەز لە گەشتی وڵاتانی دیکە دەکەم. ئێستا زۆر دڵخۆشم".
ئەڵمانیا سنووری زەمینیی لەگەڵ نۆ وڵاتدا هەیە و هەندێکیان بە ئاهەنگەوە سنوورکانیان کردنەوە.
میلان شێڤەر، هاووڵاتییەکی دیکەی ئەڵمانییە و دەڵێت، "لێرە سنوور دانرابوو.هەموو رێگەکان گیرابوون. من کاتێک وەرزش دەکەم دەبێت بە چواردەوری ئەو خاڵەدا بسوورێمەوە، چونکە هەست دەکەم لە هەرسێ وڵات بووم، ئینجا دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەوە. لەوەتی کۆرۆنا هەیە ئەمە یەکەم رۆژمە کە بتوانم رابکەم و بە هەرسێ وڵاتە بسووڕێمەوە".
وەزارەتی دەروەی ئەڵمانیا رایگەیاندووە کە گەشتە ئاسمانییەکان بۆ 27 وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا دەستپێدەکەنەوە، بەڵام هۆشداری دەداتە ئەڵمانییەکان کە گەشت بۆ سوێد، نەرویج و فینلەندا نەکەن. هاوکات قەدەخەی گەشتیشی بۆ 160 وڵاتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا تا 2020/08/31ـی ئەم ساڵ درێژ کردووەتەوە.
دیمیتریانۆ ساڤیدس، ئافرەتێکی یۆنانییە و دەڵێت، "بەڕاستی زۆر دڵخۆشین و لام باشە کە گەشتەکان کرانەوە. دایکم دەتوانێت سێ مانگی هاوین لە وڵاتی خۆی لە یۆنان بەسەر بەرێت. بەڕاستی زۆر خۆشە".
داهاتی گەشتیاریی ساڵی رابردووی ئەڵمانیا 290 ملیار یۆرۆ بوو. ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا و داخستنی سنوورەکانەوە 89.3% کەمی کردووە. نزیکەی 30 ملیۆن کەس لەو کەرتەدا کاردەکەن. ملیۆنێک و 200 هەزار شوێنی کار لەم بوارەدا لەژێر مەترسیدان، بەڵام بە ئاساییکردنەوەی قۆناخ بە قۆناخی دۆخەکە لە ئەڵمانیا وردەوردە خەریکە ئابووریی وڵاتیش دەکرێتەوە.