بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا: ئەردۆغان و بایدن لە برۆکسل گفتوگۆیان لەبارەی S-400 کردووە
رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆککۆماری تورکیا لە برۆکسل گفتوگۆیان لەبارەی سیستەمی بەرگریی S-400ی رووسییەوە کردووە و بڕیاریشیان داوە درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن.
جەید سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاندووە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنێک لەسەر پرسی سیستەمی بەرگریی S-400ی رووسی و بڕیارە گفتوگۆکان بەردەوامبن.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە، بایدن لەبارەی دابینکردنی ئاسایشی فڕۆکەخانەکان لە ئەفغانستان داوایەکی لە ئەردۆغان کردووە، لەسەر ئەوەش رێککەوتوون کە تورکیا ئەرکێک بگرێتەئەستۆ بۆ پاراستنی فڕۆکەخانەی کابووڵ.
پێشتر سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجانەوە بۆ وڵاتەکەی، بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بە هاوتا ئەمریکییەکەیی راگەیاندووە کە ئەنقەرە هەڵوێستی لەسەر پرسی سیستەمی بەرگریی S-400 ناگۆڕێت و "چاوەڕوانی ئەوە لە تورکیا نەکات کە هەنگاوێکی جیاواز بنێت".
پرسی کڕینی سیستەمی بەرگریی S-400 لەلایەن تورکیاوە بووە هۆی لاوازکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دیکەی لە ناتۆ، ئەمەش بەهۆی ئەو نیگەرانییەی کە هاوپەیمانەکانی تورکیا لە ناتۆ هەیانە لەبارەی سیستەمەکەوە.
ئەردۆغان رایگەیاند "بە [بایدن]م راگەیاند کە نابێت ئەوان چاوەڕوانی ئەوە لە تورکیا بکەن کە هەنگاوێکی جیاواز هەڵگرێتت لەسەر پرسی سیستەمی S-400ی رووسی و F-35ی ئەمریکی، چونکە ئێمە ئەوەی دەبوو بیکەین بۆ F-35، کردمان و پارەی پێویستمان داوە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە لە داهاتوودا وەزیرانی دەرەوە، بەرگری و پیشەسازی ئەو پرسە لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکانیان باسدەکەن.
ئەنقەرە و واشنتن هەوڵیانداوە کە جیاوازییەکانیان وەلانێن و هەماهەنگیی یەکدی بکەن لە پرسەکانی ئەفغانستان و سووریا، ئەمەش سەرەڕای نیگەرانییەکانی تورکیا لە ئەمریکا بەهۆی پاڵپشتیکردنی یەکینەکانی پاراستنی گەل - یەپەگە لە سووریا، کە لەلایەن تورکیاوە بە "گرووپێکی تیرۆریستی" دادەنرێن.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، لەسەر ئەو پرسەش (یەپەگە)، بۆچوونی وڵاتەکەیی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن باسکردووە.
یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ رۆژی دووشەممە 14-06-2021 رایگەیاند، تورکیا رۆڵێکی سەرەکیی دەبێت لە فڕۆکەخانەی کابووڵ، بەڵام هیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە لە لووتکەی ناتۆ نەدراوە.
ئەردۆغان لەوبارەیەوە ئاماژەی بەوە کرد "دوای بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە ئەفغانستان، تورکیا دەتوانێت بەرپرسیارێتیی زیاتر لەوێ وەرگرێت".
هەفتەی رابردوو، بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، دەبێت تورکیا هێزەکانی لە ئەفغانستان بکشێنێتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی رێککەوتنی ساڵی 2020 لەگەڵ ئەمریکا، پرسی دابینکردنی ئاسایشی بۆ فڕۆکەخانەی کابووڵیش لەلایەن تورکیاوە رەتکردەوە، پێشتریش لە مانگی نیسان رەتیکردەوە بەشداریی کۆنفرانسی ئاشتی بکات کە لەلایەن تورکیاوە رێکخرابوو.
ئەردۆغان باسی لەوە کردووە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆکردن لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبان لەسەر ئەو پرسە.