پۆلیسی فەرەنسا کۆچبەرێکی میسری دەکوژێت
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی فەرەنسا تەقە لە ڤانێکی کۆچبەران دەکات کە هەوڵدەدات سنوورەکەی ببڕێت و لە ئەنجامدا، کۆچبەرێک دەکوژرێت کە بە رەچەڵەک میسرییە.
رۆژی پێنجشەممە 16ـی حوزەیرانی 2022 پارڤین دێریڤێری، داواکاریی گشتیی شاری نیس رایگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە کۆچبەرێکی 35 ساڵەی میسری بە تەقەی پۆلیس گیانی لەدەستداوە.
پێشتر بەرپرسانی ئیتاڵیا هۆشدارییان دابوو لەوەی ڤانێک کە کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتووە، لە شارۆچکەی سۆسپێل-ی سەر سنووری نێوان ئیتاڵیا و فەرەنسا لە دیوی ئیتاڵیا بەدیکراوە.
بەگوێرەی بەرپرسانی فەرەنسا، دوای ئەوەی پۆلیس داوای لێکردووە بوەستێت، ڤانەکە نەوەستاوە و پۆلیسی فەرەنسا دوای ڤانەکە کەوتووە تاوەکو لە دووری 30 کیلۆمەتر تیمێکی دیکەی پۆلیسی فەرەنسی لە هەڵمەتی وەستاندنی ڤانەکەدا بەشداربووە و وەستاندوویانە.
پۆلیسی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤانەکە بەرەو رووی ئەوان هاتووە؛ ئەوەش وایکردووە پۆلیس "بۆ وەستاندنی ڤانەکە" تەقە لە ڤانەکە بکات.
دوای ئەوە، بەگوێرەی پۆلیس، ڤانەکە کە چوار گوللەی بەرکەوتووە، بە بەجێهێڵدراوی لە شاری نیس دۆزراوەتەوە؛ دوو لە سەرنشینەکانی لە شوێنی رووداوەکە رایانکردووە. هاوکات، پێنج کۆچبەر لە نێو ڤانەکەدا دۆزراونەتەوە کە لەنێویاندا کۆچبەرێکی میسری بووە و گولـلە بەر سەری کەوتووە. دواتر کۆچبەرەکە بۆ نەخۆشخانەیەکی نزیک لەو شوێنە گوێزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە.
تووندوتیژیی پۆلیس بووەتە مژارێکی گەرمی کەمپینی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فەرەنسا. پێشتر لە ماوەی ئەم مانگەدا، لە باکووری شاری پاریس، پۆلیسی فەرەنسا تەقەی لە ژنێک کرد و کوشتی، ئەوەش دوای ئەوە هات کە پۆلیس داوای لێکردبوو ئۆتۆمبێلەکەی بوەستێنێت، بەڵام بەگوتەی پۆلیس ژنەکە بەرەو روویان هاتووە و نەوەستاوە.
جگە لەوەش، چەند کاژێرێک دوای ئاهەنگگێڕانی ئیمانوێل ماکرۆن بە بۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەکو سەرۆکی فەرەنسا، پۆلیس تەقەی لە ئۆتۆمبێلێک کرد کە بە خێرایی بەلایاندا تێدەپەڕیی و لە ئەنجامدا دوو پیاوی کوشت.