لە گوندێکی ئیتاڵیا تەنیا یەک یۆرۆ وەکو کرێی خانوو وەردەگیرێت
رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی ئیتاڵیا و بەتایبەتیش لە ناوچەی ساردینیا، خەڵکەکەی بڕیاریانداوە کرێی خانوو بکەنە تەنیا یەک یۆرۆ. بۆ ئەوانەی کە مافی مانەوەیان هەیە لە ئەوروپا و بەدوای کرێی خانووی کەمدا دەگەڕێن، رەنگە ئەمە هەواڵێکی خۆش بێت.
خەڵکی گوندی ئۆللۆلای کێشەی ئەوەیان هەیە کە لە ساڵانی رابردوودا وردە وردە ژمارەیان کەمتر دەبێتەوە. وەک خۆیان باسی دەکەن، تەنیا 1200 کەس لە گوندەکەدا ماون، بۆیە بڕیاریانداوە تەنیا 10 خانوو بۆ 10 خێزانی نوێ تەرخان بکەن کە دەیانەوێ بچنە گوندەکە و لەوێ بژین، بۆئەوەش کرێی خانووەکانیشیان تەنیا یەک یۆرۆ بێت.
بەڵام خەڵکی گوندەکە یەک مەرجیان داناوە، هەر کەسێک بیەوێت خانوو لەو گوندە بە کرێ بگرێت، دەبێت پێش ئەوەی بەکاری بهێنێت، نۆژەنی بکاتەوە.
فرانچێسکۆ کۆلومبۆ، کە موختاری گوندەکەیە، پێیوایە بەو شێوەیە وردە وردە هەم خانووە کۆنەکان نۆژەن دەبنەوە و هەمیشە خوێنی نوێ دەدرێتە نێو گوندەکەوە و زۆرتر چۆڵ نابێت.