سەرۆککۆماری عێراق سەردانی ڤاتیکان دەکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق رایگەیاند، سەرۆککۆماری عێراق بەرەو ڤاتیکان بەڕێکەوتووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بۆ هۆکاری سەردانەکە بکات، بەرنامەی سەردانەکە و دیدارەکانیشی بڵاونەکردووەتەوە و ئەوەش روون نییە کە پاپا فڕانسیس دەبینێت یان نا.
ئەمڕۆ هەینی، 17-11-2023، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی گەشتەکەی عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆکۆماری عێراق بۆ ڤاتیکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ سەرۆکۆمار عێراقی بەجێهێشت و بەرەو ڤاتیکان بەڕێکەوت."
سەردانەکەی سەرۆکۆمار لە کاتێکدایە، رۆژی دووشەممە، 13-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەقی بڕیارێکی لە بارەی سکاڵایەکی کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ لە دژی سەرۆککۆماری عێراق بڵاوکردەوە.
دادگەکە لە بڕیارەکەیدا دەڵێت، "سکاڵاکەی سکاڵاکار رەتکرایەوە، چونکە هیچ نادروستییەک لە رێکارەکانی دەرکردنی مەرسوومی کۆماری ژمارە 31ـی ساڵی 2023 نییە، کە بریتییە لە کشاندنەوەی مەرسوومی کۆماری ژمارە 147ـی ساڵی 2013، کە بەپێی ئەو بڕیارە لویس ساکۆ بە پاتریارکی کلدانەکانی عێراق و جیهان دیاریکرا بوو".
رۆژی 3-7-2023، مەرسوومی ژمارە (31)ـی سەرۆکایەتیی کۆمار لە ژمارە (4727)ـی رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بڵاوکرایەوە و تێیدا بڕیاری کشانەوەی مەرسوومی ژمارە (147)ـی ساڵی 2013ـی راگەیاند و پلەی پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق و جیهان لە کاردیناڵ لویس رافایل ساکۆ سەندرایەوە.
رۆژی سێشەممە، 31ـی تشرینى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق ئەو سکاڵایەی یەکلایی کردەوە، کە کاردیناڵ لویس ساکۆ، پارتریارکی کلدانە کاسۆلیکەکانی عێراق و جیهان لە دادگەکە لە دژى لەتیف رەشید، سەرۆککۆمار تۆماری کردبوو و رایگەیاند، هیچ پاساوێک نییە، بۆ ئەوەی مەرسوومەکەی سەرۆککۆمار بە "نادەستووری" بزانێت.
کەنیسەی کلدانی بە یەکێک لە گەورەترین کەنیسەکانی عێراق دادەنرێت.