کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا: دەرکردنی کۆچبەر زۆر سێکتەر پەکدەخات
رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا رێوشوێنەکانی بەرامبەر پەناخوازان تووندتر کردوون و مافی مانەوەی هەمیشەیی قورستر دەکات، نیازیشی هەیە بەشێکی پەناخوازان بنێرێتەوە. کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا ئاشکرای دەکات، ''سەرەڕای تووندکردنی رێکارەکان، چوونی کۆچبەران و داوای مافی پەناخوازی لەو شانشینە بەردەوامە.''
محەممەد جەلال بەرزنجی، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی لە بەریتانیا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ وارشین ساڵح، پێشکێشکاری رووداو، باسی لە سیاسەت و یاسای نوێی بەریتانیا بەرامبەر پەناخوازان کرد و رایگەیاند، "پرسی دەستشکاندنەوە لەنێوان حکومەتەکان لە ئێستا و پێشوو، قسە و باسی خەڵک و حیزبەکان، زۆرینەی بووەتە پرسی راگرتنی پەنابەر بۆ نێوخۆی بەریتانیا بە شێوەیەکی نایاسایی.''
هەروەها باسی هەوڵەکانی کابینەی پێشووی بەریتانیای کرد و گوتی، ''ریشی سووناک خۆی بنچینەیەکی پەنابەریی هەبوو، هەوڵێکی زۆری دا، 700 ملیۆن پاوەندی خەرجکرد بۆئەوەی پەناخوازان بنێرێت بۆ رواندا، لە کۆتاییدا یاساکانی ئەم وڵاتە رێگەی بەم کارە نەدا و تەنیا 4 پەنابەری ناردە وڵاتەکە.''
لەبارەی ئەو رێکارانەی ئێستا تووند کراون، سەرۆکی کۆمەڵەکە دەڵێت، ''مەبەستیانە ئەوانەی بە نایاسایی دێنە نێو بەریتانیا، یاسای تووند هەبێ بەرامبەریان، قاچاخچیانی مرۆڤیش دەستگیر بکرێن.''
چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە شەبانە مەحموود، وەزیری نێوخۆی بەریتانیا بچێتە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی و لەوێ پلانی حکومەت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرسی کۆچبەران ئاشکرا بکات. یەکێک لەو هەنگاوانەی بەنیازە بیگرێتەبەر، ئەو پەناخوازانەی مافی مانەوەشیان لە بەریتانیا بەدەستهێناوە، تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی دەبێت، هەر کاتێک وڵاتەکەیان بە وڵاتێکی پارێزراو لەقەڵەم بدرێت، رەوانەی وڵاتەکەیان دەکرێنەوە.
محەممەد جەلال بەرزنجی باس لە هەوڵەکانی ئەو وەزیرە دەکات و دەڵێت، "دەیەوێت یاساکانی پەناخوازی لەگەڵ یاساکانی دانیمارک، کە یاسای تووندن، هاوتەریب بن. یاساکانی دانیمارک تووندترین یاسان لە هەموو ئەورووپا و ئێستا نوێنەری وەزارەتی نێوخۆی بەریتانیا لە دانیمارکە، دەیەوێت یاساکەیان بێنێتە بەریتانیا."
'خەرجی 400 هوتێلی پەنابەران لە بەریتانیا رۆژانە 9 ملیۆن پاوەندە'
حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی تووندی نوێی بۆ پەنابەران راگەیاندووە، ئامانج لێی کەمکردنەوەی کۆچی نایاسایی و کەمکردنەوەی ئەو نیگەرانیانەیە لە بەرامبەر کۆچی نایاسایی هەن.
لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو رێکارانە لەسەر کەمبوونەوەی پەناخواز لەو وڵاتە، سەرۆکی کۆمەڵەی کوردی دەڵێت، "ئەگەر کۆچبەر لە بەریتانیا دەربکەی، نەخۆشخانە، قوتابخانە، بازاڕ و شوێنە گشتییەکان تەنانەت کەرتەکانی نێو حکومەت پەکیان دەکەوێت، چونکە پەنابەر تێکەڵاوی ئەم وڵاتە بووە، هەموومان خۆمان بە بەریتانی دەزانین و خزمەتی ئەم وڵاتە دەکەین، بەریتانیا دەیەوێ خەڵک بێتە وڵاتەکەیان کاربکات بەڵام بە شێوەیەکی یاسایی، گوشارێکی زۆری خەڵک لەسەر حکومەت هەیە بۆیە دەیانەوێ هاتنی پەنابەر کەمبکەنەوە، 400 هوتێل پەنابەری تێدایە رۆژانە 9 ملیۆن پاوەندی خەرجی ئەم هوتێلانەیە."
محەممەد جەلال بەرزنجی پێیوانییە حکومەتی بەریتانیا بتوانێ سنوورەکانی وڵاتە بپارێزێت و دەڵێت، ''لە ماوەی 14 مانگ سێ بەلەمی کۆچبەران گەیشتوونەتە بەریتانیا،217 کۆچبەریان تێدابووە و لە فەرەنساوە دەربازبوون.''
وەکو سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەران دەڵێت، ''ئامانجی حکومەت راگرتنی کۆچی نایاساییە، چونکە حکومەت لەگەڵ کۆچی یاساییە، بۆ نموونە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو تاوەکو حوزەیرانی ئەم ساڵ، واتە لە ماوەی ساڵێکدا زیاتر لە 436 هەزار کەس بە ڤیزای خوێندن هاتوونەتە بەریتانیا و 286 هەزار کەس بە ڤیزای کار گەیشتوون، یەک ملیۆن کەسیش بە ڤیزای گەشتیاری هاتووە.''
بە بڕوای محەممەد جەلال، "یاسا نوێیەکان کاریگەرییان دەبێت، بەڵام هاتنی پەنابەریش راناوەستێت."
ئەم هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیا لە کاتێکدایە، وەزارەتی نێوخۆی شانشینەکە رایگەیاندووە، نزیکەی 50 هەزار پەناخوازیان لە بەریتانیاوە رەوانەی وڵاتەکانیان کردووەتەوە، ئەوان لە ماوەی کاری کابینەی حکومەت بە سەرۆکایەتیی پارتی کار، ئەو هەنگاوەیان جێبەجێ کردووە.
محەممەد جەلال بەرزنجی دەڵێت، "ئێمە لە کۆمەڵەی کوردی بەردەوام رێنوێنیمان بە پەناخوازانی کورد داوە، بە شێوەیەکی یاسایی کار بکەن و باج بدەن، بۆئەوەی مافی مانەوەیان بدرێتێ، مەرجی مانەوەی هەمیشەیی لە بەریتانیا گۆڕاوە، دەبێت پەناخواز زمانی ئینگلیزی بەتەواوی بزانێت، باجی دابێت و ئەرکی بەسەر حکومەتەوە نەبێت."