وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بۆ رووداو: لە هاوکارییەکانمان بۆ عێراق بەردەوام دەبین

رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشەکانی سەر هەولێر ئامانجێکی ورد نەبووە و هیچ بارەگایەکی ئەو وڵاتە لە شارەکە بە ئامانج نەگیراوە. لەبارەی مانەوەی هێزەکانیان لە عێراق گوتی، ئەوان لە ساڵی 2014 لەسەر بانگهێشتی عێراق چوونەتە وڵاتەکە لە هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبن. 
 
پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، رۆژی 17-01-2024، وەڵامی چەند پرسیارێکی دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن لەبارەی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هێرشەکانی سەر هەولێر و ناردنی سیستمی بەرگری بۆ هەرێمی کوردستان دایەوە.
 
"بۆچی سیستمی دژەمووشەکیتان نەخستەکار لەکاتی هێرشەکەی سەر هەولێر؟"
 
کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر سیستمی دژەمووشەکی هەیە و لە کاتی مەترسییەکاندا بۆ سەر کونسوڵخانەکە دەکەوێتە کار، لەبارەی بەکارنەهێنانی لە شەوی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، هیچ هێرشێک بۆ سەر هێزەکانی ئەوان نەکراوە و هێرشە مووشەکییەکانیش ورد نەبوون. 
 
پات رایدەر گوتیشی، عێراق وەڵامی ئەو هێرشانەی داوەتەوە پێویستە ئێوە سەرنجی وەڵامەکە حکومەتی عێراق بدەن. 
 
ئەمریکا سیستمی دژە مووشەکی بە هەرێمی کوردستان دەدات؟ 
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن پرسیاری لە پات رایدەر کرد کە بەپێی یاسای بەرگریی نیشتمانی ساڵی 2024 کە باس لە پێدانی سیستمی دژە مووشەکی بە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات، ئایا ئەو سیستمە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرن؟ 
 
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا گوتی کە نایەوێ لەوبارەوە هیچ قسەیەک بکات، تەنیا ئەوەندەی کە عێراق هاوبەشێکی گرنگی ئەمریکایە و بەردەوام دەبن لە هاوکاری کردنی و لە نزیکەی کار لەگەڵ عێراق دەکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی وڵاتەکە. 
 
دەقی پرسیارەکانی رووداو و وەڵامەکانی پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا:
 
 
رووداو: لەسەر هەمان بابەت، هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ مانەوەی هێزەکانتان لە عێراق، پێتانوایە، کە هێشتا پێویستان بەوە هەیە هێزەکانتان لە عێراق بمێننەوە بۆماوەیەکی زیاتر، چونکە داعش هێشتا هەڕەشەیە، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ مانەوەی هێزەکانتان چییە؟
 
پات رایدەر: سەیرکە تۆ دەزانی کە ئەمریکا ئۆپەراسیۆنەکانی بە راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی و هاوبەشەکانی ئەنجامدەدات، رێک بەمشێوەیەی کە ئێستا لە دەریای سوور دەیکەین، بۆیە ئێمە لەوێین لەسەر بانگێشتی حکومەتی عێراق، پێشتریش لەسەر ئەمە قسەمان کردووە، خۆشت دەزانی، بەڵام بۆ ئەوانەی کە زۆر بە باشی ئاگاداری ئەمە نین، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ ساڵی 2014 کاتێک داعش لە دەوروبەری بەغدابوو، تۆ دەزانی کە ئەوە ئەمریکا بوو، لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکە لە نێویاندا عێراق بانگێشتی هێزەکانی ئەمریکایان کرد بچن و هاوکاریان بن لە تێکشکاندنی داعش. وەکو خۆشت دەزانی، ئێمە بەردەوامدەبین لە راوێژکردنمان لە نزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە، بەردەوامیش دەبین لە کارکردن لەگەڵیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئەمنییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانیش کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئێمەش دەبێت.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەسەر هێرشەکەی ئێران بۆسەر هەولێر، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ئەم هێرشە چییە، بەتایبەتیش ئەو هێرشانە کرانە سەر شوێنێک کە چەند میلێک لە بنکەکەی ئێوە دووربوون، بۆچی سیستمی دژە مووشەکیتان بەکارنەهێنا تاوەکو بەشێک لەو مووشەکانە پووچەڵ بکەنەوە کە هێرشیان کردە سەر ناوچە مەدەنییەکان؟
 
پات رایدەر: بەڵێ، بەپێیی زانیارییەکانی من، هیچ یەکێک لەو هێرشانە سەرباز و بارەگاکانی ئەمریکایان نەکردووەتەوە ئامانج، ئێوەش بینیتان کە عێراق چۆن وەڵامی ئەوەی داوەتەوە و سەرنج بدەنە وەڵامەکەی ئەوان. بەڵام بەپێی زانیاری ئێمە، ئەو هێرشانە هێرشی دەقیق نەبوون.
 
رووداو: دواین پرسیارم، یاسای بەرگریی نیشتمانی ساڵی 2024 باس لە پێدانی سیستمی دژە مووشەکی بە هێزەکانی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەکات، ئێوە بەنیازن کار لەسەر پێدانی ئەم سیستمە بکەن؟
 
پات رایدەر: من باس لە یاسایەک ناکەم کە هێشتا کارانییە، خۆشت دەزانی لەو رووەوە نامەوێت پێش شتەکان بکەوم، بەڵکو دەڵێم، عێراق هاوبەشێکی گرنگ و بەهاداری ئێمەیە، ئێمە بەردەوام دەبین لەوەی لە نزیکەوە کار لەگەڵ عێراق بکەین کاتێک دێتە سەر پرسی ئەمنی و ئاسایشی هەرێمی و پێویستی عێراق لە رووی پرسی بەرگرییەوە، کە چەندین ساڵیشە بەم شێوەیە بووە.