رووسیا لە ڤایرۆسی گەڵای تووتن، ڤاکسینی دژە کۆرۆنا دروستدەکات
رووسیا هاوشێوەی چەند وڵاتێکی دیکەی جیهان بە دۆزینەوەی ڤاکسینێكی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە، سەرقاڵە. سەرۆکی بەشی زانستیی ڤایرۆسەکان لە کۆلێژی بایۆلۆژی زانکۆی مۆسکۆ، پەرەپێدانی ڤاکسینێکی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە ڤایرۆسی گەڵای تووتن راگەیاند.
ئۆلگا کارابۆڤا، سەرۆکی بەشی زانستیی ڤایرۆسەکان لە کۆلێژی بایۆلۆژی زانکۆی مۆسکۆ رایگەیاند: زانایانمان تەکنۆلۆژیای نوێیان داهێناوە کە دەتوانن لە رێگەیەوە و بە پشتبەستن بە ڤایرۆسی گەڵای تووتن کە هیچ زیانێكی بۆ مرۆڤەکان نییە، گەردیلەی خڕ بەرهەمبهێنن و ئەو گەردیلانەش توانای خۆلکاندن بە هەرجۆرە پرۆتینێكیان هەیە لەوانەش پرۆتینی ڤایرۆسی سارس کە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئۆلگا کارابۆڤا ئاماژەی بەوەشکرد: ئەو تەنانەی کە لەو گەردیلانە دروستدەکرێن، سیستەمی بەرگریی مرۆڤەکان بەبێ بەکارهێنانی هیچ پێکهاتەیەکی دیکە بەهێزتر دەکەن کە بتوانێت بەرگەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرێت و خودی ئەو گەردیلانەش لەدوای ئەنجامدانی کارەکەیان، لەنێو جەستەی مرۆڤدا شیدەبنەوە و لە لەش دەچنە دەرەوە.
هاوکات میخائیل گیربیشنیکۆڤ، راگری کۆلێژی بایۆلۆژی مۆسکۆ و ئەندامی ئەکادیمیای رووسیا بۆ زانستەکان رایگەیاند: دەکرێت لەماوەی سێ مانگدا نموونەیەک لە ڤاکسینی دژ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستبکرێت.