ترەمپ بەشێکی وەڵامەکانی بۆ رووداو لە ترووس سۆشیال بڵاوکردەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی سێشەممە، دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو، لەبارەی ئامادەیی هاوپەیمانان بۆ پاراستنی تەنگەى هورمز پرسیاری لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کرد. دوای چەند کاژێرێک ترەمپ بەشێکی وەڵامەکەی بۆ رووداو لە ترووس سۆشیال بڵاوکردەوە.
 
لە وەڵامەکەی دا ترەمپ وڵاتانی ناتۆی بە ئەنجامدانی "هەڵەیەکی گەمژانە" تۆمەتبار کرد بەهۆی ئەوەی هاوکار نین لە جەنگی ئێران دا، لە بەرامبەردا ستایشی هاوکارییەکانی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلی کرد و جەختی کردەوە کە ئەمریکا پێویستی بە یارمەتیی هیچ کەسێک نییە.
 
سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە پاڵپشتیی باشمان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە؛ قەتەر زۆر باش بووە، ئیمارات بە راستی زۆر باش بووە، بەحرێن و سعودیەش زۆر باش بوون، وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر باش بوون. هەروەها بێگومان ئیسرائیل هاوبەشێکی باش و زۆر بەهێزە".
 
دەقی پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ لە ترووس سۆشیال: 
 
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لایەن زۆربەی "هاوپەیمانەکانمان" لە ناتۆوە ئاگادارکراوەتەوە کە نایانەوێت بەشدار بن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئێمە دژی رژێمی تیرۆریستیی ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست؛ ئەمە سەرەڕای ئەو راستییەی کە نزیکەی هەموو وڵاتەکان بە تووندی هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئێمە دەیکەین، و نابێت بە هیچ شێوە و جۆرێک رێگە بدرێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت. من بەم کارەیان سەرسام نیم، چونکە هەمیشە ناتۆم (کە ساڵانە سەدان ملیار دۆلاری تێدا خەرج دەکەین بۆ پاراستنی ئەم وڵاتانە) وەک رێگەیەکی یەک ئاراستە بینیوە؛ ئێمە دەیانپارێزین، بەڵام ئەوان هیچمان بۆ ناکەن، بەتایبەتی لە کاتی پێویستدا.
 
خۆشبەختانە، ئێمە سوپای ئێرانمان تێکشکاندووە، هێزی دەریایییان نەما، هێزی ئاسمانییان نەما، دژەفڕۆکە و رادارەکانیان نەما و رەنگە لە هەمووشی گرنگتر، سەرکردەکانیان لە هەموو ئاستەکاندا نەمان، بۆ ئەوەی هەرگیز جارێکی تر هەڕەشە لە ئێمە، هاوپەیمانەکانمان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یان جیهان نەکەنەوە!
 
بەهۆی ئەوەی سەرکەوتنێکی سەربازیی لەو شێوەیەمان بەدەستهێناوە، چیدی "پێویستمان" بە هاوکاریی وڵاتانی ناتۆ نییە و ئارەزووشی ناکەین، هەرگیز پێویستمان نەبووە! بە هەمان شێوە ژاپۆن، ئوسترالیا، یان کۆریای باشوور. لە راستیدا، وەک سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە بەهێزترین وڵاتی جیهانە، ئێمە پێویستمان بە یارمەتی هیچ کەسێک نییە!
 
دەقی پرسیارەکانی دیار کوردە و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ و جێگرەکەی: 
 
رووداو: تاوەکو چەند نزیکن لە راگەیاندنی هاوپەیمانییەک لەو وڵاتانەی ئامادەن بۆ پاراستنی تەنگەی هورمز و کام وڵاتانە بەشدار دەبن؟
 
دۆناڵد ترەمپ: باشە، ئێمە پشتگیرییەکی گەورەمان لە لایەن رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە هەبووە، قەتەر زۆر باش بووە، ئیمارات بەڕاستی زۆر نایاب بووە، سعودیە زۆر نایاب بووە و بەحرێن زۆر باش بووە. وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پشتگیرییەکانیاندا زۆر بەهێز بوون و و بێگومان، ئیسرائیل هاوبەشمان بووە؛ ئیسرائیل شانبەشانی ئیدارەکەی ئێمە زۆر زۆر بەهێز بووە.
 
ئەگەر سەیری چەندین ساڵ پێش ئێستا بکەیت، باسی ئەوەم کرد کە ئێران هەڕەشەیەکی گەورە بوو بۆ سەر ئەم  وڵاتە و بۆ سەر ئەم جیهانەی ئێمە و دەرکەوت کە من راستم دەکرد. لەڕاستیدا، گوتم دەبێت هێرش بکەنە سەر دوورگەی (خارگ) ساڵانێک پێش ئێستا کە سەریان هەڵدابوو، دەبوو هێرشیان بکەنە سەر. بۆ ماوەی 37، 47، پێموایە ئێستا 48 ساڵە ئەوان خەریکی ئاژاوەن. 
 
بۆ ماوەی 48 ساڵە ئەوان یاریزانێکی خراپ و دڕندەن و و نابێت رێگەیان پێ بدەیت ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەگەر ببوایەنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، دەمگوت تەنیا لە ماوەی 24 کاژێردا دوای دەستکەوتنی، بەکاریان دەهێنا و دەبوونە خاوەنی، ئەگەر ئێمە بە بۆردوومان و هێرشێکی گەورە لەنێومان نەبردنایە بە بۆمبهاوێژی جۆری B2 نزیکەی هەشت مانگ لەمەوبەر، ئەوا جەنگێکی ئەتۆمی روویدەدا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رەنگە لەوەش زیاتر؛ پێموایە بەر ئەورووپاش دەکەوت، رەنگە بەر ئێرلەندا نەکەوتایە، بەڵام بەر ئەورووپا دەکەوت. پێموایە ئێوەش بەشێکی باشتان بەر دەکەوت.
 
ئەو هەمووە دەگرێتەوە. ئەوەندە گەورەیە کە کاریگەری لەسەر ئێوەش دەبوو و ئەوان لە کۆتاییدا لە ئەورووپایان دەدا.

 

 
رووداو: چۆن وەڵامی زیادبوونی هێرشەکانی میلیشیا عێراقییەکان بۆ سەر باڵیۆزخانە و بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق و کوردستان دەدەیتەوە؟
 
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا: ئەمریکا کۆنترۆڵی باڵیۆزخانەکەی دەکات، بڕوانە، چەندین هێرش روویداوە بۆسەر باڵیۆزخانەکەمان، کارێکی باشمان کردووە لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو کەسانەی لە باڵیۆزخانەکەن بۆ ئەوەی کارە سەرەکییەکان پێشکەش بکەین، بەڵام هاوکات خەڵکەکەمان بپارێزین، بەڵام تیرۆریستی زۆر لەو ناوچەیەی جیهاندا هەن و دەبێت لەنێویان ببەین کاتێک دەیاندۆزینەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ: ناکرێ چەکی ئەتۆمییان پێبدەیت، دەکرێ چەکیان پێبدەیت، بەڵام ناکرێ چەکی ئەتۆمییان پێبدەیت.