بڕیارێکی نوێ لە ئەڵمانیا؛ ئەو کەسانەی چاودێریی نەخۆش دەکەن پارەی سۆسیال دەیانگرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی ئەڵمانیا گۆڕانکاریی نوێ لە سیستمی هاوکاریی دارایی ناسراو بە "پارەی سۆسیال" رادەگەیێنێت؛ بەپێی بڕیارە نوێیەکە، ئەو کەسانەی لە ماڵەوە خەریکی چاودێریکردنی کەسوکارە نەخۆشەکانیانن، بەبێ مەرجی گەڕان بەدوای کاردا، هاوکارییەکە وەردەگرن.
 
بە گوێرەی رێنماییە نوێیەکانی حکومەتی ئەڵمانیا، ئەو هاووڵاتییانەی چاودێریی ئەندامێکی نەخۆشی خێزانەکەیان دەکەن، چیدی ناچار ناکرێن لەلایەن فەرمانگەی کار (Jobcenter)ـەوە بەدوای کاردا بگەڕێن، بەڵکو دەتوانن وەک چاودێر لە ماڵەوە بمێننەوە و مانگانە "پارەی سۆسیال" (Bürgergeld) وەربگرن.
 
بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە، مەرجێکی سەرەکی دیاریکراوە؛ ئەویش ئەوەیە کە دەبێت ئاستی پێویستیی نەخۆشەکە بە چاودێری (Pflegegrad) لە پلەی سێیەم یان بەرزتر بێت. لەم حاڵەتەدا، "جۆبسەنتەر" ئەرکی چاودێریکردنی نەخۆشەکە وەک کارێکی تەواو (Full-time) ئەژمار دەکات و هیچ فشارێک ناخاتە سەر چاودێرەکە بۆ دۆزینەوەی هەلی کار لە دەرەوەی ماڵ.
 
ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵێک ئاسانکاری بۆ رەوەندی کوردی و بیانییەکان لە ئەڵمانیا دروست دەکات، بەتایبەت ئەو خێزانانەی کە کاتەکانیان بۆ خزمەتکردنی دایک و باوک یان کەسوکارە بەتەمەن و نەخۆشەکانیان تەرخان کردووە و بەهۆیەوە نەدەپەرژانە سەر کارکردن لە دەرەوە.
 
پێشتر، زۆرجار ئەو کەسانەی هاوکاریی سۆسیالیان وەردەگرت، لەژێر گوشاری جۆبسەنتەردا بوون بۆ ئەوەی خولی فێربوونی زمان تەواو بکەن یان کارێک بدۆزنەوە، بەڵام بەم بڕیارە ئەرکی چاودێریکردنی نەخۆش وەک "پیشە" ناسێندراوە.