تورکیا و ئەڵمانیا دوای 12 ساڵ میکانیزمی دیالۆگی ستراتیجی کارا دەکەنەوە

 
رووداو دیجیتاڵ
 
پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا بە کۆبوونەوەی دیالۆگی ستراتیژی لە بەرلین دەچێتە قۆناخێکی نوێوە.
 
دیالۆگی ستراتیژی کە دوای 12 ساڵ جارێکی دیکە کارا دەکرێتەوە، دەبێتەهۆی ئەوەی هەردوو وڵات تیشک بخەنە سەر پرسە ستراتیژییەکان و بوارەکانی ئاسایش، بەرگری و پیشەسازیی بەرگری.
 
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سێیەمین کۆبوونەوەی میکانیزمی دیالۆگی ستراتیژیی تورکیا و ئەڵمانیا رۆژی دووشەممە، 18ـی ئایاری 2026 لە بەرلین بە سەرۆکایەتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یۆهان ڤادەپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت.
 
هەر چوار گرووپی کار کە لە چوارچێوەی میکانیزمەکەدا پێکهێنراون، هەر ئەمڕۆ کۆدەبنەوە و راپۆرتەکانیان پێشکێشی وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات دەکەن.
 
ئاماژە بەوە دەکرێ کە ئەو چوار گرووپەی کار بابەتەکانی "پەیوەندییە دوولایەنەکان، پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا، ئاسایش، بەرگری و پرسە هەرێمییەکان" لەخۆدەگرن.
 
تورکیا و ئەڵمانیا میکانیزمی دیالۆگی ستراتیژییان لە ساڵی 2013ـدا بە مەبەستی پێدانی رەهەندێکی دامەزراوەیی و ستراتیژی بە پەیوەندییەکانیان و پشتگیریکردن لە پرۆسەی بەئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا پێکهێنا.
 
میکانیزمەکە کە دووەم و دوایین کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی 2014 لە ئیستەنبووڵ کرد، بەهۆی پاشەکشەی درێژخایەنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەنقەرە و بەرلین هەڵپەسێردرا.
 
گەڕانەوە بۆ دیالۆگ 
 
پێشهاتەکانی دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016، ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان لە ساڵانی 2018 و 2019 و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست لە ساڵانی 2020-2021 بوونەهۆی تێکچوونی بەرچاوی دیالۆگی نێوان ئەنقەرە و بەرلین.
 
هەردوولا بڕیاری کاراکردنەوەی ئەم میکانیزمەیان لە کۆبوونەوەی ساڵی رابردووی نێوان فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە دەرکرد.
 
ئەڵمانیا، بەتایبەتی لە ساڵی 2022ـەوە کە هەوڵی رووسیا بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا دەستیپێکرد، دیالۆگێکی نزیکتری لەگەڵ تورکیا گرتووەتەبەر.
 
هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ کشاندنەوەی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، بووەتە هۆی ئەوەی ئەڵمانیا بڕیاری پەرەپێدانی زیاتری هاوبەشی لەگەڵ هاوبەشەکانی لە بوارەکانی ئاسایش و بەرگریدا بدات.
 
ئەڵمانیا، بە کشانەوەی ناڕەزایەتییەکەی لەسەر فرۆشتنی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری یۆرۆفایتەر تایفون بە تورکیا، کە لەگەڵ بەریتانیا هاوبەشی کۆنسۆرتیۆمەکەیە، هەنگاوێکی گرنگی لەم ئاراستەیەدا ناوە و ئەمەش وەک هەنگاوێکی بەرجەستەی سەرەتایەکی نوێ لەنێوان ئەنقەرە و بەرلین دادەنرێ.
 
سەرنج خستنە سەر ئاسایش و بەرهەمهێنانی پیشەسازیی بەرگری
 
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا ئاماژە بەوە دەکەن، کاراکردنەوەی میکانیزمی دیالۆگی ستراتیژی بایەخێکی زۆری هەیە بۆ دیاریکردنی ئاراستەی داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پشتیوانیکردنی بە هەنگاوی بەرجەستە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، سەرەڕای بوونی میکانیزمی راوێژکاری لە نزیکەی هەموو بوارەکانی پەیوەندییە دوولایەنەکانیان، پێویستە چوارچێوەیەکی ستراتیژی بۆ ئەم میکانیزمانە دابنرێت.
 
سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، بابەتەکانی ئاسایش و بەرگری بە شێوەیەکی سەرەکی تاوتوێ دەکرێن و هەوڵەکان بۆ بەکارهێنانی زیاتری تواناکانی بەرهەمهێنان لە پیشەسازیی بەرگریدا سەرنجیان دەخرێتەسەر.
 
ئەڵمانیا بەم دواییە بە شێوەیەکی کاریگەرتر بایەخ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پیشەسازیی بەرگریی تورکیا نیشان دەدات.
 
وەزارەتی بەرگریی فیدراڵیی ئەڵمانیا یەکێک بوو لەو دامەزراوانەی بە فەرمی بەشداری لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی پیشەسازیی بەرگری و فڕۆکەوانی و بۆشایی ئاسمانی 2026 SAHA EXPO کرد، کە لە مانگی ئایاری ئەم ساڵ لە ئیستەنبووڵ بەڕێوەچوو؛ هەروەها نۆ کۆمپانیای ئەڵمانی لە پێشانگەکەدا ئامادەبوون و لەگەڵ هاوبەشیی پیشەسازیی بەرگری، ئەگەری دابینکردنی راستەوخۆ لەنێوان دامەزراوە فەرمی و تایبەتەکانی هەردوو وڵاتدا تاوتوێ کرا.
 
چاوەڕوان دەکرێ هاکان فیدان و ڤادەپول، بەتایبەتی لە بواری پیشەسازیی بەرگریدا بیروڕا لەبارەی پڕۆژە هاوبەشەکانەوە ئاڵوگۆڕ بکەن.
 
ئەنقەرە چاوەڕوانییەکانی لە بەرلین چین؟
 
میکانیزمی دیالۆگی ستراتیژی کە بڕیارە کارا بکرێتەوە، دەرفەتێکی گرنگ بۆ تورکیا دروست دەکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە چاوەڕوانییەکانی خۆی لە ئەڵمانیا، بەتایبەتی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا، بگەیێنێت.
 
لە پێشەوەی چاوەڕوانییەکانی ئەنقەرەدا "نوێکردنەوەی یەکێتیی گومرگ، کاراکردنەوەی دیالۆگی لێخۆشبوونی ڤیزە و بەشداریی تورکیا لە دەستپێشخەرییەکانی بەرگری و ئاسایش بە سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەورووپا" هەن.
 
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژەیان بەوەدا، فیدان لە کۆبوونەوەکانی دا "جەخت لەسەر برەودان بە پەیوەندییەکانی تورکیا و یەکێتیی ئەورووپا لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی هاوئاهەنگیی گشتگیر، دامەزراوەیی و فرە ئاست. دەستپێکردنی دانوستاندن بۆ نوێکردنەوەی یەکێتیی گومرگ و گرنگیی کاراکردنەوەی دیالۆگی لێخۆشبوونی ڤیزە" دەکاتەوە.
 
 
پێگەی تورکیا لە پێکهاتەی ئاسایش
 
پێشهاتەکانی ئەم دواییەی پەیوەست بە ئاسایشی ئەورووپا، بەشێک دەبن لە دیالۆگی ستراتیژیی تورکیا و ئەڵمانیا.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکان، فیدان پەیامی "هەر ستراتیژییەکی ئاسایشی ئەورووپا کە گرنگیی ستراتیژی، توانا و پێگەی جیۆپۆلەتیکی تورکیا پشتگوێ بخات، ناتەواو دەبێت و پێویستە تورکیا لە دەستپێشخەری و پڕۆژە و ستراتیژییەکانی ئاسایش و بەرگری بە سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەوروپا بەشدار بێت" بە ڤادەپول دەگەیێنێت.
 
ئەڵمانیا بەم دواییە سیاسەتێکی پەرەپێداوە سەبارەت بە بەشداریی کاریگەری تورکیا لە پێکهاتەی ئاسایشی ئەورووپا کە بڕیارە دابمەزرێت.
 
باڵیۆز ئۆسۆڤسکی دەڵێ، یەکێتیی ئەورووپا کارەکانی بۆ پێکهاتەی نوێی ئاسایش زیاتر کردووە و گرنگیی کارکردنی هاوبەشی لەگەڵ تورکیا خستوەتەڕوو، کە کاریگەریی جیۆپۆلەتیکی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە تا قەوقاز و ئەفریقا فراوان کردووە.
 
یەکێتیی ئەوروپا بۆ خێراکردن و هەمەجۆرکردنی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی بەرگریی وڵاتانی ئەندام، پاکێجێکی دارایی نوێی بە بڕی 250 ملیار یۆرۆ بە ناوی SAFE (کردەوەی ئاسایش بۆ ئەورووپا) راگەیاندبوو.
 
داواکاریی تورکیا بۆ SAFE، کە بە هەندێک مەرج بۆ وڵاتانی بەربژێریش کراوەیە، بەهۆی ناڕەزایەتیی یۆنان و کۆماری قوبرسەوە قبووڵ نەکرابوو.