ئیڤان دۆکێ بە سەرۆکی کۆڵۆمبیا هەڵبژێردرا
رووداو - هەولێر
ئەنجامی خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆڵۆمبیا راگەیێنرا و ئیڤان دوکێ، سەرۆکە نەریتخوازەکەی پارتی سەنتەری دیموکراتی وەکو سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرا.
پارتەکەی ئیڤان دوکێ، بە بەدەستهێنانی 54%ی دەنگەکان بەسەر پیترۆ گوستاڤۆ، سەرۆکی بزووتنەوەی پێشکەوتنخواز سەرکەوت کە ئەویش 41.8%ی دەنگەکانی بەدەستهێنان.
ئیڤان دوکێ بڕیاری دابوو ئەگەر وەکو سەرۆکی وڵات هەڵبژێردرێت، تەواوی لایەنە پەرتەوازەبووەکانی رێککەوتنە مێژووییەکەی نێوان بزووتنەوەی فارک و حکومەتی کۆڵۆمبیا یەکبخاتەوە.
دوای چەندین ساڵ لە دانوستاندنی ئاشکرا و نهێنی نێوان بزووتنەوەی فارک و حکومەتی کۆڵۆمبیا، لە مانگەکانی کۆتایی 2016 توانیان کۆتایی بە شەڕی 52 ساڵەی نێوانیان بهێنن, رێککەوتن لەسەر ئەوەی کە فارک دەستبەرداری چەک بێت و وەکو پارتێکی سیاسی درێژە بە خەباتی خۆی بدات.