پەروین ئیبراهیم: بنەماڵەی ئەسەد سووریایان لەبیرکردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی پارتیی گەنجان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گۆڕانکاری، پەروین ئیبراهیم، رایگەیاند کە بەشار ئەسەد و بنەماڵەکەی سووریایان لەبیرکردووە و گوتی: "لە سووریا دەنگۆ بڵاوبووبووەوە کە ماهیر ئەسەد گەڕاوەتەوە و خەڵک رژابوونە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان دەگێڕا. با خەڵک سەیری راستییەکە بکەن کە ئەوان چیتر سووریایان لەبیرکردووە و بەخەمیانەوە نییە."
 
پەروین رایگەیاند کە بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەدی برای لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا دەژین و سووریا بە خەیاڵیاندا نایەت.
 
ڤیدیۆیەک گەیشتووەتە رووداو کە تێیدا دەردەکەوێت ماهیر ئەسەد، برای سەرۆکی پێشووی سووریا بەشار ئەسەد، لە مۆسکۆ لەگەڵ چەند کەسێک لە کافێیەکدا دانیشتووە.
 
سەرۆکی پارتیی گەنجان، پەروین ئیبراهیم، لەو کاتەدا لە هەمان کافێ بووە.
 
پەروین ئیبراهیم بووە میوانی بوولتەنی رۆژئاوای کوردستان و باسی لە دوایین دۆخی بنەماڵەی ئەسەد کرد.
 
پەروین ئیبراهیم ئاشکرای کرد کە دوو هەفتە لەمەوبەر ماهیر ئەسەدی لە مۆسکۆ لە کافێیەکدا بینیوە.
 
بە گوتەی پەروین ئیبراهیم، بنەماڵەی بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەدی برای لە باڵەخانەکانی "مۆسکۆ سیتی" لە مۆسکۆ نیشتەجێن.
 
سەرۆکی پارتیی گەنجان بۆ ئاوەدانکردنەوە و گۆڕانکاری، پەروین ئیبراهیم، وەڵامی پرسیارەکانی دڵبخوێن دارا دەداتەوە سەبارەت بە بنەماڵەی ئەسەد:
 
رووداو: خاتوو پەروین، تۆش لەو ڤیدیۆیەدا دەردەکەویت، ئەو کافێیەی تۆ و ماهیر ئەسەدی لێ دانیشتوون ناوی چییە و لە کوێیە؟
 
پەروین ئیبراهیم: لە مۆسکۆ سەنتەرێکی بازاڕکردن (مۆڵ) هەیە پێی دەڵێن "ئافی مۆڵ"، ئەمە لەنێو مۆسکۆدایە، لە "مۆسکۆ سیتی". لە مۆسکۆ سیتی، بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەدی برای، شوقەکەیان لەسەر مۆڵەکەیە، لە مۆسکۆ سیتین.
من چوومە کافێکە، من و کەسێکی خۆم دانیشتین. بینیم یەکێک تێپەڕی و گەنجێکی لەگەڵدا بوو. ئەوان دانیشتن. من هەستام و سەیرم دەکرد، سەرنجم دایە و گوتم "واللە ئەمە خۆیەتی."
 
دووبارە بەجوانی سەیرم کرد، ئەویش سەیری منی کرد و هەستی کرد کە من سەیری دەکەم. دەستی خستە سەر سەری و بە چاوەکانی و کەمێک سەیری تەلەفۆنەکەی کرد. بە کەسەکەی خۆمم گوت، وێنەی بگرە، ئەمە خۆیەتی.
 
ئەو ڤیدیۆکەی تۆمار کرد و دوای ئەوە شوێنی خۆی گۆڕی و پشتی لە ئێمە کرد و بێگومان ئەم ڤیدیۆیە بڵاوکرایەوە.

 

بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە شتێکی نامۆ نییە، خەڵک زۆر سەرسام بوون. چونکە من دەزانم، من بۆ کارێک چووبوومە مۆسکۆ. من دەزانم 250 ئەفسەر لە مۆسکۆن. سەرۆکی پێشوو بەشار ئەسەد و برایەکەی شوقەیان لە مۆسکۆ سیتی هەیە و نزیکەی 250ئەفسەر داوای مافی پەنابەرییان کردووە. ئەوان نزیک مۆسکۆن، نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە بنکەکانی رووسیان و بێگومان زانیاریم لەسەر زۆربەیان هەیە، ئەوانەی لەوێن و هەندێکیشیان چوونەتە ئێران، چونکە من زۆر جار دەچمە مۆسکۆ و پێم دەڵێن کێ لەوێیە و کێ لەوێ نییە.
 
رووداو: ئەوە کەی بوو، خاتوو پەروین؟ ڤیدیۆکە لە چ رۆژێکدا گیراوە؟
 
پەروین ئیبراهیم: دوو هەفتە لەمەوبەر بوو، هەفتەیەکە لە مۆسکۆ گەڕاومەتەوە، واتە ئەم ڤیدیۆیە هی دوو هەفتە، چواردە رۆژ لەمەوبەرە. باش بوو ئەم ڤیدیۆیە دەرکەوت، چونکە زۆر کەس هیوایان وابوو کە بەشار ئەسەد و برایەکەی جارێکی دیکە سوپایەک پێکبهێنن و خەڵک رزگار بکەن.
 
باش بوو ئەم ڤیدیۆیە بڵاوکرایەوە تاوەکو خەڵک بزانن کە پارەی خەڵکی سووریایان بردووە و دزیویانە و لە قاوەخانەکان دەیخۆنەوە و خەمیانی نییە.
 
رووداو: پێش ئەوەی پرسیارێکی دیکە بکەم، ئایا عەلی مەملووک و ئەو بەرپرسانەی هەواڵگری و ئاسایشی سووریا، ئەوانیش لەوێدان یان لە شوێنێکی دیکەن؟
 
پەروین ئیبراهیم: بەڵێ زۆر هەن، دەتوانم هەندێک ناوت پێ بڵێم بەڵام پێشتر دەمەوێت شتێکی تر لە رێگەی رووداوەوە بڵێم. کاتێک ئەم ڤیدیۆیە دەرکەوت، هەموو کەس، عەرەب و فەلە، بە گشتی ئەم ڤیدیۆیەیان بینی و هەموویان دەیانگوت کە بەشار ئەسەد و ماهیر ئەسەد دەرچوون و لە قاوەخانەکاندان.
 
بەڵام گەنجە کوردەکانمان لە سووریا، وەک هەمیشە، وەک ژنانی سەر تەنوور دەیانگوت "پەروین ئیبراهیم و پەروین ئیبراهیم" و قسەی نەشیاویان دەکرد.
 
ئەمە بووەتە عەیبەیەکی گەورە. کوردەکانمان لەبری ئەوەی دڵخۆش بن کە ژنێکی کوردی سووریا لەگەڵ سەرۆکەکان دادەنیشێت و ناوی کورد دەگەیێنێتە هەموو وڵاتان. ئەم شتە زۆر بێزاری کردم، بەڵام ئێستا لە رووداوەوە دەڵێم، عەلی مەملووک و ئەحمەد دیب لە مۆسکۆن، لە شەقامی ٤٠. عەدیب زەیتوون، جەمیل حەسەن و کەمال حەسەن لە مۆسکۆن. ئەمانە لەوانەن کە دیارن.
 
بەڵام ریاز عەباس و فادی عەباس، رەفیق شەحادە، لیوا غەیس و ته‌ها لە ئێرانن. حوسام لوقا لە ئوردنە. واتە ئەمانە گەورەکانیانن کە دیارن، هەموویان داوای مافی پەنابەرییان کردووە. ئەوانەی بنەماڵەیان دەهێنن، لەو شوێنە دەردەچن و دەچن خانووی خۆیان دەکڕن و سەیری حاڵی خۆیان دەکەن.
 
رووداو: ئایا ئەمانە لە مۆسکۆ و رووسیا بە ئازادی هاتوچۆ دەکەن؟ بۆ نموونە، تۆ ماهیر ئەسەدەت لە کافێیەکدا بینیوە، بە ئاسوودەیی دەچن و دێن؟
 
پەروین ئیبراهیم: بە ئاسوودەیی هاتوچۆ دەکەن. ئەوان ناچنە شوێنێک کە عەرەبی لێبێت، من پرسیارم کردووە. دەچنە شوێنێک کە رووسی لێبێت، بەڵام شەنسی ئەو بوو کە من چوومە هەمان کافێ. چونکە ئەم کافێیە لە ناوەندی مۆسکۆیە. کاتێک ڤیدیۆکە تۆمار دەکرا، من دەمگوت ئەمە شوێنی لونا شەبل و سومود و تەسەدییە (خۆڕاگری)، چونکە پێشتر مەنسوور عەزام و لونا شەبل دەهاتنە ئێرە و شتیان دەکڕی. ماڵی ئەسەد لەوێیە، ماڵیان لە ناوەڕاستی مۆسکۆیە.
 
رووداو: تاوەکو بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە، شوێنی ماهیر ئەسەد نادیار بوو. قسەی زۆری لەسەر دەکرا کە ئایا لە ئێرانە یان سووریا. ئەو چۆن چووەتە رووسیا، لەگەڵ بەشار ئەسەد چووە؟
 
پەروین ئیبراهیم: نەخێر نەخێر، لەگەڵ بەشار ئەسەد نەچووەتە رووسیا. تەنیا ئەو نەچووەتە رووسیا. چونکە بەشار ئەسەد بە کەسی نەگوتبوو، بە تەنیا چووبوو. تەنانەت بە برایەکەشی نەگوتبوو، بەڵام شتێک هەیە. لە رۆژی رووخانی سووریادا، سنوورەکانی سووریا بە کراوەیی مانەوە.
 
ئەوانەی ئێستا لە حکومەتن، ئەوانەی تەحریر شام کاتێک هاتن و تێپەڕین، سنوورەکانی سووریایان بۆ ماوەی 20 رۆژ بە کراوەیی هێشتەوە. واتە ئەمە رێککەوتنێک بوو لەنێوان رووس و تورکدا بۆ ئەوەی ئەم کەسانە، ئەفسەر و سەرکردەکان هەموویان بە ئاسوودەیی و بەبێ کوشتن دەربچن. بەم شێوەیە بوو، بۆ ماوەی 20 رۆژ، دەیانتوانی سنوورەکان دابخەن و نەهێڵن کەس دەربچێت. بەڵام کاریان بە کەسەوە نەبوو، هەموویان دەرچوون.
 
رووداو: ئەوانە بە چییەوە سەرقاڵن، چ کارێک لەوێ دەکەن؟
 
پەروین ئیبراهیم: بۆچی کار بکەن؟ هەرچییان بوێت هەیانە، دۆلاری ساڵی 1980ـەوە لەگەڵیانە. هەموویان پارەیان بردووە و لەوێ خانوو دەکڕن و پڕۆژەی خۆیان دادەمەزرێنن و منداڵەکانیان هەمووی لەوێن. بێگومان بەشێکی بەرچاویشیان لە ئیماراتن، وەک رامی مەخلووف و دارودەستەکەی. هەموویان پارەیان هەیە. ئەو کەسانەی ماونەتەوە، ئەوانەن کە لە سوپای سووریادان، ئەوانەن کە هەژارن و ئەوانەن کە موستەعیدن و هی تر.
 
رووداو: بەشار ئەسەدیش وەک ماهیر ئەسەدی برای دەردەکەوێت؟
 
پەروین ئیبراهیم: بەپێی قسەی خەڵکی ئەوێ، هەندێک کەس بەشار ئەسەدیان بینیوە. ئەویش دەرکەوتبوو، بینیبوویان، بەڵام هەواڵگریی مۆسکۆ ئاگاداری کردبووەوە کە نابێت دەربکەوێت و نابێت لێدوان بدات، بەڵام منداڵەکانی بە شێوەیەکی ئاسایی دەچنە ناو هاوڕێکانیان.
 
رووداو: ئەسما ئەسەد، هاوژینەکەی، هێشتا لە مۆسکۆ لەگەڵیدایە؟
 
پەروین ئیبراهیم: بەڵێ، لەگەڵیدایە. نەخۆشییەکەشی هەمووی درۆ بوو.
 
رووداو: نەخۆش نییە؟
 
پەروین ئیبراهیم: نەخێر، نەخۆش نییە و هەواڵگریی مۆسکۆ دەڵێت کە کوشتنی باسڵ ئەسەد لەلایەن هەواڵگریی بەریتانییەوە بووە و ئەسما ئەسەد رۆڵی تێدا هەبووە، بەشار ئەسەدیان لەو کاتەوە دانا و ئەسما ئەسەد لەو کاتەوە سیخوڕ بووە بەسەر سووریاوە، تاوەکو سووریای بەم رۆژە گەیاند. بەم شێوەیە. منیش ئەم شتە وا دەبینم. چونکە بڕیاری وێرانکردنی سووریا بەرنامەیەکی داڕێژراو بوو بۆ بەشار و ئەسما ئەسەد.
 
رووداو: من دووبارە باسی ئەمە دەکەمەوە، تۆ هەوڵت نەدا لەگەڵ ماهیر ئەسەد قسە بکەیت؟
 
پەروین ئیبراهیم: نەخێر، نەمویست. زۆر بێزار بووم و ئەگەر بچوومایە شتێکم بگوتبایە، ئەویش بێزار دەبوو و منیش میوانی رووسیا بووم و باش نییە من دۆخێکی نەخوازراو دروست بکەم، نابێت.
 
چونکە کاتێک من چوومە رووسیا، لەبەر پرسی سەنتەری رۆشنبیری چووم، هەزار و 200 بوورسی خوێندن راگیرابوون، من چووم. پێیان گوتم بچۆ بە حکومەتی سووریا بڵێ ئێمە هەزار و 200 بوورس دەدەین بە خوێندکاران و با خوێندکار بێن و هەندێک شتی تریان ویست، بۆیە باش نەبوو شتێک بکەم کە حکومەتی رووسیا لێم تووڕە بێت.
 
رووداو: کاتێک لەسەر دەسەڵات بوون، واتە کاتێک ماهیر ئەسەد لە سووریا بوو و بەشار ئەسەد سەرۆکی سووریا بوو، تۆ ئەوت دەناسی؟ هیچ پەیوەندییەکتان هەبوو؟
 
پەروین ئیبراهیم: ماهیر ئەسەد، جارێک لەبەر سەرکردەیەکی شیشانی چووینە لای. سەرکردە شیشانییەکە دەیویست بچێتە حەلەب و پێیان گوتبووین نابێت، فڕۆکە نییە. من و ئەو سەرکردەیە چووینە لای ماهیر ئەسەد، فڕۆکەیەکی تایبەتی پێدا. ئێمە منداڵە شیشانییەکانی داعشمان بە فڕۆکە برد بۆ شیشان. بۆیە من جارێک ئەو کاتە ئەوم بینیوە و هەر بۆیەش ناسیمەوە. هەمان رووخساری بوو، چونکە خەڵک لە وێنەکاندا نایناسێتەوە. من یەکسەر ناسیمەوە و بەو کوڕەم گوت، بەڵام ئەو دەیگوت خۆی نییە. منیش دەیانگوت خۆیەتی، تۆمارى بكه‌. من بەشار ئەسەدم بینیبوو.
 
رووداو: لە کوێ بینیت، لە رووسیا؟
 
پەروین ئیبراهیم: نەخێر، پێشتر، لە سووریا بەشار ئەسەدمان بینی، وێنەمان لەگەڵیدا گرت. کاتێک شەپال ئیبراهیممان دەرکرد، بەشار ئەسەدمان بینی و وێنەیەکمان لەگەڵیدا گرت، کاتێک لەگەڵ رێکخراوەکاندا دانیشتبووین.
 
رووداو: کاتێک لەم کافێیە بوویت، هەستت کرد ماهیر ئەسەد تۆی ناسییەوە؟ بۆ نموونە، شڵەژا؟
 
پەروین ئیبراهیم: بەڵێ، منم ناسییەوە. یەکەم شت دەنگم بەرزکردەوە و بەو کوڕەم گوت، "ئەمە خۆیەتی" و کاتێک سەیری ئەوم دەکرد، ئەویش خۆی بە تەلەفۆنەکەیەوە سەرقاڵ کرد و دەستی خستە بەر چاوەکانی و پاشان کڵاوێکی رەشی خستە سەر سەری. دوای ماوەیەک شوێنی خۆی گۆڕی. من و کوڕەکە، پێش ئەو دەرچووین. گوتم با لێرە دەربچین، تۆ ڤیدیۆکەت گرت، با لێرە بڕۆین.
 
رووداو: کاتێک ئێوە پێش ئەو دەرچوون، هەموو شتێک ئاسایی بوو، چاودێر و پاسەوانی لەگەڵ نەبوو؟
 
پەروین ئیبراهیم: نەخێر، کەسی لەگەڵ نەبوو. ئەو کوڕەی لەگەڵی بوو، من دەیناسم، باوکی سوورییە و دایکی رووسە. پێشتر لە باڵیۆزخانە دەمانبینی، هیچ کەسی تری لەگەڵ نەبوو.
 
رووداو: زۆر سوپاس خاتوو پەروین. ماڵت ئاوابێت، لە هەر شوێنێک بیت کێشە دروست دەکەیت. ڤیدیۆکەشت بەڕاستی بووە ترێند. ئێمە بە هەموو زمانەکان بڵاوی دەکەینەوە. دەتویست شتێک بڵێیت؟
 
پەروین ئیبراهیم: کاتێک من ئەم ڤیدیۆیەم تۆمار کرد، مەبەستم ئەوە بوو هەمووان بزانن کە ماهیر ئەسەد لە رووسیایە و لە عێراق نییە و سوپا رێکناخات. لە سووریا دەنگۆ بڵاوکرابووەوە کە ماهیر ئەسەد هاتووە و خەڵک رژابوونە سەر شەقامەکان و ئاهەنگیان دەگێڕا. با خەڵک سەیری راستییەکە بکەن کە ئەوان چیتر سووریایان لەبیرکردووە و بەخەمیانەوە نییە.