کۆمپانیای مێتا نیگەرانیی خۆی لە رێکارەکانی ئێران بەرامبەر وەتسئەپ دەردەبڕێت
رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای مێتای خاوەنی وەتسئەپ "نیگەرانی" خۆی دەربڕی لەوەی خزمەتگوزارییەکانی لە ئێران بلۆک بکرێن، دوای ئەوەی کەناڵێکی فەرمیی دەوڵەت داوای لە خەڵک کرد ئەپلیکەیشنەکە بسڕنەوە و تۆمەتباری کرد بە هاوبەشیکردنی زانیاری لەگەڵ ئیسرائیل.
کەناڵی دووی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئێران رۆژی سێشەممە داوای لە ئێرانییەکان کرد وەتسئەپ و ئینستاگرام، بە تایبەتی وەتسئەپ، لەسەر مۆبایلەکانیان بسڕنەوە و تۆمەتباری کرد بەوەی ئەپلیکەیشنەکە زانیاریی کەسیی بەکارهێنەران و "دوایین شوێنی زانراو و پەیوەندییەکان"یان کۆدەکاتەوە و لەگەڵ ئیسرائیل هاوبەشیان پێدەکات.
رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل و ئێران بۆ شەشەم رۆژی لەسەریەک لەسەر بۆردوومانەکانیان بۆسەر یەک بەردەوام بوون.
گوتەبێژێکی وەتسئەپ بانگەشەکانی میدیای ئێرانی رەتکردەوە و رایگەیاند، هەموو نامەکانی نێردراو لە رێگەی ئەپلیکەیشنەکەوە تەنیا نێرەر و وەرگر دەتوانن بیانبینن.
گوتەبێژەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "نیگەرانین لەوەی ئەم راپۆرتە نادروستانە ببنە بیانوویەک بۆ بلۆککردنی خزمەتگوزارییەکانمان، لە کاتێکدا خەڵک زۆرترین پێویستییان پێیەتی."
گوتەبێژەکە گوتی: "ئێمە شوێنپێی کەس هەڵناگرین. بەدوای ئەوەیشدا ناچین کێ نامە بۆ کێ دەنێرێت و چاودێریی ئەو نامە کەسییانەش ناکەین خەڵک بۆ یەکدییان دەنێرن."
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوەشکرد، وەتسئەپ "زانیاریی بەکۆمەڵ بە هیچ حکومەتێک نادات."
ئیسرائیل رۆژی هەینی ئۆپەراسیۆنێکی بۆ سەر ئێران دەستپێکرد و هەمان رۆژ ئێرانیش بە مووشەک و درۆن وەڵامی دایەوە.