بەشێک لە سەربازانی ئەمریکی بۆ لەبیرکردنی خەمەکانیان مار راو دەکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەشێک لە سەربازانی ئەمریکی کە بەشداریی شەڕەکانی ئەفغانستان یان عێراقیان کردووە تووشی خەمۆکی بوون، رێکخراوێکیش پێشنیازی ئەوەی بۆ کردوون کە مار راو بکەن، بۆ ئەوەی خەمەکانیان لەبیر بکەن و سوودیش بە ژینگە بگەیێنن.
 
نزیکەی 15 ساڵ لەمەوبەر، تۆم راهیل لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا رێکخراوێکی دانا بەناوی سوامپ ئەیپس، بۆ ئەوەی هاوکاری ئەو سەربازە ئەمریکییانە بکات کە لە شەڕی عێراق و ئەفغانستان تووشی خەمۆکی و تراوما بوون.
 
بە شەو و رۆژ سەربازان دەڕۆن ئەو جۆرە مارانە دەگرن کە زیان بە ژینگەی گیانەوەران دەگەیێنن. بۆ هەر مارێک 13 دۆلار وەردەگرن، ئەگەر مارەکە مەترێک و 20 سانتیمەتر بێت 50 دۆلار دەکات. 
 
تۆم راهیل، دامەزرێنەری رێکخراوەکە دەڵێت، "مارە بچووکەکان زیانی گەورەیان هەیە. زیانی خراپیان بە ژینگە گەیاندووە. ئەمە روونە. لێرە جاران هەزاران گیاندار هەبوون. ئێستا ئارامە. وەکو شارۆچکەیەکی چۆڵی لێهاتووە. چۆڵکراوە. بیابانی گیاندارانە و هۆکارەکەشی مارە بچووکەکانە."
 
ئێنریقی گالان، راوچییەکی ئەمریکییە و دەڵێت، "شتێکی باشە کە خشۆکە بچکۆلەکان دەگرین. خەڵکێکی زۆر حەزیان لە راوکردنی ماری گەورەیە، مارە گەورەکان گورزی خۆیان وەشاندووە. بەڵام ئەمەی دەیکەین رێگریکردنە لە مارە بچووکەکان بەرلەوەی گەورەبن و گیانداری زۆر بخۆن."
 
راوکردنی مار کارێکی ئاسان نییە، جگە لە مەترسیی پێوەدان، جار جارە لەوانەیە راوچییەکە بکەوێتە تەڵەی تیمساحەکانەوە. بەڵام سەربازە خانەنشینبووەکان بۆ لەبیربردنەوەی خەمۆکی و کەمخەوی کە بەهۆی بینینی دیمەنی خوێناوی جەنگی عێراق و ئەفغانستان تووشی بوون، ئەوەی لەدەستیان بێت دەیکەن.
 
سەربازەکان لە ساڵی 2000ەوە 17 هەزار ماری زیانبەخشیان گرتووە و کوشتوویانن. 
 
راهم لیڤینسن، سەربازی پێشووی ئەمریکی دەڵێت، "دوو ساڵە چاوەڕوانم و خۆبەخشم، پارە وەرناگرم. بەڵام ئەوپەڕی خۆشحاڵیمە کە رۆژانە لەگەڵ ئەم برادەرانە بەسەردەبەم، بەڕاستی ئەمە زۆر یارمەتیدام. لە ماڵەوە کێشەم هەبوو، خەوم نەمابوو. شەو خەوم لێنەدەکەوت. بەڵام بتوانی 12ی شەو لەگەڵ کەسێک بڕۆیتە دەرەوە و 2ی بەیانی بڕۆیتە دەرەوە و راوەمار بکەی بەرهەمدارە. باشە و زۆریش هاوکاربووە."
 
لە ساڵی 2003وە 4431 سەربازی ئەمریکی لە عێراق کوژراون، و 31994یش برینداربوونە. 60 هەزار سەرباز بەهۆی شەڕی عێراق و ئەفغانستان تووشی تراومابوون. خۆکوشتن لەنێو سەربازانی ئەمریکی 20٪ی هەموو خۆکوشتنەکان لە ئەمریکا پێکدەهێنن. پزیشکان هۆکارەکەی رووبەڕووبوونەوەی چەکداران و تەقینەوەی بۆمبی چێندراو و ونکردنی ناوچەی سەلامەت و هەروەها لەدەستدانی هاوپیشە و هاوسەنگەرەکانیان دەگەڕێننەوە.