رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی بەریتانیا بۆ یەکەمجار وردەکاریی لێکۆڵینەوەی چەندین ساڵەی هێزەکانیان ئاشکرا دەکەن سەبارەت بە دۆزینەوەی ناسنامەی ئەندامانی گرووپێکی سەربڕی نێو داعش کە بە "بیتڵز" ناسرابوون.
رۆژی چوارشەممە، 17ی ئاب، بەشی دژە تیرۆری پۆلیسی بەریتانیا ئاشکرای کرد، لە رێگەی چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک بارمتەی رزگارکراوی دەستی گرووپەکە، توانیویانە تەواوی ناسنامەی ئەندامانی ئەو گرووپە پەڕگیرە بناسنەوە، کە لە ساڵی 2012وە هەوڵی دۆزینەوەیان دەدەن.
ئەندامانی گرووپی "بیتڵز" کە لە چوار کەس پێکهاتبوون لەنێو باندێکی میوزیکی یاخی بوو لە بەریتانیا. لەنێو داعشیش چوار کەسی بیانی بە سەربڕینی بارمتە بیانییەکان ناسراو بوون، ناوی ئەو گرووپەیان هەڵگرت.
ئەندامانی بیتڵز لە ماوەی ساڵانی 2012 بۆ 2015، نزیکەی 27 بارمتەی رۆژئاوایان لە سووریا گرتووە و ژمارەیەک لە بارمتەکانیان سەربڕیوە و ئەوانی دیکەشیان ئەشکەنجە داوە.
دوو لە ئەندامانی بیتڵز، بە ناوەکانی ئەلیکساندەر ئامۆن کۆتێی، تەمەن 35 ساڵ و شافی شێخ تەمەن 38 ساڵ دوای دەستگیرکردنیان رەوانەی ئەمریکا کران و لەوێ دادگایی دەکرێن ئەمەش بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لەو بارمتانەی سەریان بڕیبوون بە رەگەز ئەمریکی بوون. کۆتێی و شافی و هەردووکیان لە لەندەن ژیاون، دواتر چوونەتە ریزەکانی داعش.
کەسی سێیەمی گرووپەکە، کە چەندین ڤیدیۆی بڵابووەتەوە و تێیدا بارمتەکان سەردەبڕێت، بە "جیهادی جۆن" ناسرا و لە ساڵی 2015 لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هاوپەیمانان لە سووریا کوژرا.
چوارەم ئەندامی گرووپە لە بەریتانیا لە زیندانە و هەفتە رابردوو بە تۆمەتی تیرۆر دادگایی کرا ئەمەش دوای ئەوەی لە تورکیا دەستگیر کرا و دیپۆرتی بەریتانیا کرایەوە.
ئێستا پۆلیسی بەریتانی وردەکاریی لێکۆڵینەوە و هەوڵەکانیان ئاشکرا دەکەن، کە چۆن بووە هۆی دۆزینەوەی ناسنامەی ئەو گرووپە و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر تاوانەکانیان و قوربانییەکانی دەستیان و ئامادەکردنی کەیسێک تاوەکو راپێچی بەردەم دادگە بکرێن. بڕیاریشە هەینی داهاتوو دانیشتنێکی دیکەی دادگاییکردنی شافی شێخ لە ئەمریکا بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ