بەریتانیا دەیەوێت بە هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا کۆچبەران دیپۆرت بکاتەوە
رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت رێککەوتنێک بکات لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران.
سەرەتای ئەم هەفتەیە لە بەریتانیا وابڵاوکرایەوە کە یەکێتیی ئەوروپا نایەوێ لەگەڵ بەریتانیا رێککەوتنێکی نوێ لەبارەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بکات. کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەوروپا لە کاژێرەکانی رابردوودا ئەمەی رەتکردەوە و رایگەیاند، دانوستاندنەکان لەنێوان برۆکسل و لەندەن بەردەوامن.
دانوستاندنەکان لەسەر دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەیە کە بە بەلەم و بەشێوەی نایاسایی لە نۆکەندی ئینگلیزەوە خۆیان دەگەیێننە بەریتانیا.
لەندەن دەیەوێت وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا وەکو پێش برێگزیت، واتە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکێتییەکە، ئەو کۆچبەرانە وەربگرنەوە کە لە فەرەنسا یان هەر وڵاتێکی دیکە پەنجەمۆریان ئاشکرا دەبێت یانیش دەسەلمێندرێت لەو وڵاتانەوە هاتوون.
بەپێی داتا فەرمییەکانی بەریتانیا، تەنیا لە ساڵی 2022دا 45 هەزار و 755 کۆچبەر بە بەلەم لە فەرەنساوە گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمساڵیش تاوەکو ئێستا 16هەزار و 790 کەس خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا.
شەممەی رابردوو، بەهۆی وەرگەڕانی بەلەمێکەوە لە نۆکەندی ئینگلیز شەش کەس گیانیان لەدەستدا و 50 کەسیش رزگارکران. دوای ئەوە ئەم هەفتەیە پۆلیسی فەرەنسی چوار کەسیان بەتۆمەتی قاچاخچێتی لە ناوچەی کالێی فەرەنسا دەستگیرکرد.
رزگاربووانی بەلەمە وەرگەڕاوەکە بە پۆلیسیان گوتووە کە هەریەکەیان دوو هەزار یۆرۆیان داوەتە قاچاخچییەکان بۆئەوەی بیانپەڕێننەوە.