کۆڵن پاوڵ بە کۆرۆنا کۆچی دواییکرد

رووداو دیجیتاڵ 

کۆڵن پاوڵ، سیاسەتڤانی ئەمریکی و دیپلۆماتکار و 65ـەمین وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە تەمەنی 84 ساڵیدا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانی لەدەستدا.
 
خێزانی پاوڵ لە راگەیێنراوێکدا لەسەر فەیسبووک بڵاویانکردووەتەوە 'فەرماندە کۆڵن پاوڵ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و سەرۆکی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان ئەم بەیانییە بەهۆی دەرهاوێشتەکانی کۆرۆنا گیانی سپارد."
 
لە دەقێکی دی نوسیویانە "پیاو باوک و باپیرەیەکی لێهاتوو، هەروەها ئەمریکییەکی مەزن و خۆشەویستمان لەدەستدا."
 
بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، کۆڵن پاوڵ سەرەڕای وەرگرتنی هەردوو ژەمی ڤاکسین گیانی لەدەستدا.
 
کۆڵن پاوڵ، یەکەم وەزیری دەرەوەی رەشپێستی ئەمریکا بوو، لە 2001 تاوەکو 2005 لە پۆستەکەی مایەوە، لە چەندین ئیدارەی کۆمارییەکان بە داڕێژەری سیاسەتی دەرەوە ناودەبرا.
 
لەدوای هێرشەکانی 11ی سێپتەمبەر کۆڵن پاوڵ شان بە شانی جورج دەبلیو بووش بەشداربوو لە داڕشتنی ستراتیژییەتی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە پەڕگیرەکان لەنێویاندا گرووپی قاعیدە.
 
پاوڵ سەربازێکی لێهاتووی شەڕی ڤێتنام بوو کە ئەزموونەکەی رێگەی خۆشکرد ببێتە یەکەم راوێژکاری رەشپێستی نیشتمانی لە کۆتایی سەرۆکایەتی رۆناڵد رەیگندا، هاوکات بووە لاوترین و یەکەم ئەمریکی - ئەفریقی وەکو سەرۆکی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا لەژێر سەرۆکایەتیی جۆرج بووشی باوک.
 
نازناوی پاوڵ باشتر بەسەر جیهاندا بڵاوبووەوە دوای ئەوەی ئەمریکا لە شەڕی کەنداو سەرکەوتنی راگەیاند، لە ناوەڕاستی نەوەتەکان بەربژێرێکی دیاری سەرۆکایەتی ئەمریکا بوو کە واباوەڕدەکرا ببێتە یەکەم سەرۆکی رەشپێستی ئەمریکی.
 
کۆڵن پاوڵ کەوتە بەر لێشاوی رەخنە و تێبینی زۆر دوای ئەوەی راپۆرتێکی هەواڵگری لەسەردەمی جۆرج بووشی کوڕ بردە بەردەم نەتەوەیەکگرتووەکان کە گوایە عێراق خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژە و بانگەشەی شەڕی عێراقی کرد، دواتر هەر ئەم کۆڵن پاوڵە پاڵپشتی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر عێراق بە "پەڵەیەکی رەش" ناوبرد.
 
کۆڵن پاوڵ
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا
2001-2005
 
لە 5ی نیسانی 1937 لە نیویۆرک لەدایکبووە
لە 18ی ئۆکتۆبەری 2021 کۆچی دواییکرد
 
12ـمین سەرۆکی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا
1989-1993
 
16ـەمین راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
1987-1989
 
جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
1986-1987
 
بەشداری لە شەڕی ڤێتنام کردووە
 
لە کاتی شەڕی عێراق لە 2003 وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو