'هەفتەی چارەنووسساز' لە ئەورووپا؛ لەنێوان پارە بۆ ئۆکراینا و دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران
رووداو دیجیتاڵ
لووتکەی یەکێتیی ئەورووپا لەژێر سێبەری جەنگ و قەیرانی کۆچبەراندا دەستپێدەکات؛ هەفتەیەک کە بە "چارەنووسساز" بۆ کیشوەرەکە ناودەبرێت. سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا بە زمانێکی زبر هۆشداری بە سەرکردەکانی ئەورووپا دەدات و دەڵێت: "یان ئەمڕۆ پارە هەیە، یان بەیانی خوێن دەڕژێت."
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی لووتکەکە، پرسی هاوکاریکردنی ئۆکراینایە کە بۆ دوو ساڵی داهاتوو پێویستی بە 140 ملیار یۆرۆ هەیە. بەشێک لە وڵاتانی ئەندام پێشنیاز دەکەن سامانی سڕکراوی رووسیا لە بانکەکانی بەلجیکا وەک قەرز بدرێتە کیێڤ، بەڵام نەبوونی کۆدەنگی مەترسیی لەسەر یەکێتییەکە دروستکردووە.
ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بە رووداوی راگەیاند: "ئەمە دوا دەرفەت نییە بۆ ئۆکراینا، بەڵام پێویستە بگەینە بڕیارێک. سامانە سڕکراوەکان تاکە بژاردە نین و دەکرێت قەرزیش بدەین، بەڵام بۆ ئەوە پێویستمان بە کۆدەنگییە و تاوەکو ئێستا هەنگاریامان لەگەڵ نییە."
"مۆدێلی رواندا" بۆ کۆچبەران
لەلایەکی دیکەوە، پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگی باڵی راستڕۆکان پڕۆژەیاسایەکی نوێی پەسندکرد کە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پەنابەران دەگۆڕێت. بەپێی یاسا نوێیەکە، کە بە "مۆدێلی رواندا" ناسراوە، کۆچبەران بە ئاسانی دیپۆرتی "وڵاتی سێیەم" دەکرێنەوە بۆ ئەوەی لەوێ داوای مافی پەنابەری بکەن، تەنانەت ئەگەر پێشتر لەو وڵاتەش نەژیابن.
کرستیان شتۆکەر، راوێژکاری نەمسا بە رووداوی گوت: "ئێمە لە یەکێتیی ئەورووپا گۆڕانکارییەک دەبینین کە بەلای منەوە ئەرێنییە. خەریکی دانانی ڕێوشوێنێکین بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی لە سنوورەکانی دەرەوە و لە وڵاتانی سێیەم ئەنجام بدەین. هەروەها کار بۆ ئەوە دەکەین پرۆسەی گەڕاندنەوەی کۆچبەران ئاسانتر بکرێت، بەتایبەتی ئەوانەی تاوانیان ئەنجامداوە."
پەرلەمانی ئەورووپا وڵاتانی (میسر، توونس، مەغریب، کۆسۆڤۆ، کۆڵۆمبیا، هیندستان و بەنگلادیش)ـی وەک "وڵاتی ئارام و سەقامگیر" ناساندووە؛ ئەمەش واتای ئەوەیە هەر کۆچبەرێک خەڵکی ئەو وڵاتانە بێت، مافی پەنابەری وەرناگرێت و راستەوخۆ دەگەڕێندرێتەوە.