ئەمریکا بەهۆی "کوشتارە ترسناکەکانی" فاشرەوە سزای بەسەر فەرماندەکانی سووداندا سەپاند
رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا سزای بەسەر سێ فەرماندەی هێزی پشتیوانیی خێرای سووداندا سەپاند، ئەوەش بەهۆی رۆڵیان لە "هەڵمەتی ترسناک"ـی گەمارۆدان و کۆنترۆڵکردنی شاری فاشر.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت ئەو سێ فەرماندەیە دەستیان هەبووە لە "کوشتنی بە کۆمەڵ، ئەشکەنجەدان، برسیکردن و توندوتیژیی سێکسی".
رۆژی پێنجشەممە، لیژنەی سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە راستییەکانی سوودان رایگەیاند، گەمارۆدان و دەستبەسەرداگرتنی ئەو شارەی هەرێمی دارفور "نیشانەکانی جینۆساید"ـی تێدایە. لیژنەکە دەڵێت، رووداوەکانی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو "سێ رۆژی پڕ لە ترس و تۆقینی رەها" بوون و داوای کردووە ئەنجامدەرانی دادگایی بکرێن.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەمریکا داوا لە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا دەکات دەستبەجێ پابەندی ئاگربەستی مرۆیی بن." گوتیشی: "ئێمە چیدیکە بەرگەی ئەم هەڵمەتە بەردەوامەی تیرۆر و کوشتنی بێمانایە لە سوودان ناگرین."
سێ فەرماندە سزادراوەکە بەشداربوون لە گەمارۆدانی فاشر کە 18 مانگی خایاند و دواتر شارەکەیان کۆنترۆڵ کرد. ناوەکانیان بریتین لە: عەمید فاتح عەبدوڵڵا ئیدریس ئادەم، لیوا گیدۆ حەمدان ئەحمەد محەممەد و فەرماندەی مەیدانی تیجانی ئیبراهیم مووسا محەممەد.
وەزیری گەنجینە هۆشداریشی دا کە شەڕی ناوخۆی سوودان سەقامگیریی ناوچەکە تێکدەدات و "زەمینە خۆش دەکات بۆ گەشەکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و هەڕەشەکردن لە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
لە نیسانی 2023ـەوە شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس و ئاوارەبوونی 11 ملیۆن کەس. نەتەوە یەکگرتووەکان دۆخەکە بە یەکێک لە خراپترین قەیرانە مرۆییەکانی جیهان وەسف دەکات.
لێکۆڵینەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەریانخستووە لە کاتی گرتنی شارەکەدا هەزاران کەس، بەتایبەت لە هۆزی زەغاوە رووبەڕووی کوشتن، دەستدرێژیی سێکسی و بێسەروشوێنبوون بوونەتەوە.