باڵیۆزی ئەمریکا لە UN: لێدانی ژێرخانی ئێران لە یاساکانی جەنگدا قبووڵکراوە
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئەمریکا بەرگری لە هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ پێکانی وێستگەکانی کارەبا و پردەکانی ناو ئێران دەکات و دەڵێت، تێکشکاندنی ئەو ژێرخانانە لە چوارچێوەی یاساکانی جەنگدایە و بە تاوانی جەنگ هەژمار ناکرێت.
مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە دەڵێن 'لێدانی ژێرخانی مەدەنی دەچێتە خانەی تاوانی جەنگەوە'، واڵتز بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە: "ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلەکانی هەڵکشانی گرژییەکان بۆ ناچارکردنی تاران بە قبووڵکردنی مەرجەکانی ئەمریکا."
باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، تاران و گرووپەکانی نزیکی تۆمەتبار دەکات ناوەندە مەدەنییەکان بۆ مەرامی سەربازی بەکاردێنن، واڵتز رایگەیاند: "رژێمی ئێران و بریکارەکانی، مێژوویەکی دوورودێژیان هەیە لە شاردنەوەی ئەنقەستی ژێرخانی سەربازی لەناو نەخۆشخانە، قوتابخانە، گەڕەکە نیشتەجێبوونەکان و شوێنە مەدەنییەکانی دیکەدا؛ بۆیە هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە بۆ بەرگری لە خۆیان."
واڵتز ئاماژەی بەوەش کرد، پێکانی ئەو جۆرە ئامانجانە "لە یاساکانی جەنگی وشکانیدا بە تەواوەتی کارێکی قبووڵکراوە"، چونکە زۆرجار ئەو شوێنانە لەلایەن ئێرانەوە وەکو بنکەی سەربازی و لۆجستی بەکاردەهێندرێن."
لە وەڵامی ئەو رەخنانەی لێدانی وێستگەکانی کارەبا زیانی گەورە بە خەڵکی مەدەنی دەگەیێنێت، باڵیۆزی ئەمریکا ئاماژەی بە هێرشەکانی تاران کرد بۆ سەر وڵاتان و دەڵێت: "ئێران خۆی درۆن و مووشەکی بۆ پێکانی هوتێل، هاوینەهەوار و ماڵ لە سەرانسەری ناوچەی کەنداو بەکارهێناوە."
قسەکانی مایک واڵتز دوای ئەوە دێن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند؛ ئەگەر ئێران ئامادە نەبێت بۆ رێککەوتنێکی نوێ، ئەوا واشنتن هەموو وێستگەیەکی کارەبا و هەموو پردێکی ناو ئەو وڵاتە تێکدەشکێنێت.
ئێستا واشنتن لێدانی ژێرخانی ئابووریی ئێران وەک کارتێکی گوشار دەبینێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی ماوەی 47 ساڵە لە ناوچەکەدا بەردەوامە، هاوکات رەوایی یاساییش بە هەر هێرشێکی ئەگەری دەدات لە داهاتوودا بیکات.