ئۆتۆمبێلێک لە تایوان خۆی بە نێو خەڵکدا دەکات و 3 کەس گیان لەدەست دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی تایوان دەڵێت، ئۆتۆمبێلێک لە دەرەوەی قوتابخانەیەک خۆی بە نێو خەڵکدا کردووە کە زۆربەیان قوتابی بوون، لە ئەنجامدا لانیکەم 3 کەس گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.
رووداوەکە نزیک تایپێی پایتەخت روویدا، کاتێک ئۆتۆمبێلێک کە پیاوێکی تەمەن 78 ساڵ لێیدەخوڕی، لە گڵۆپی سووری ترافیک لایتی دا و خۆی بە سێ ماتۆڕسکیل و پاسکیلێکدا کێشا، پێش ئەوەی خۆی بەنێو قوتابی و خەڵکی دیکەدا بکات.
پۆلیس لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "شۆفێرەکە لەناکاو خێرایی ئۆتۆمبێلەکەی زیاد کردووە."
پۆلیس دەڵێت، 15 کەس، بە شۆفێرەکەشەوە، بە برینداری "بە ئاستی جیاواز لە رووی سەختییەوە" گەیەنراونەتە سێ نەخۆشخانە.
دواتر سێ کەسیان لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، لەنێویاندا دوو کچی تەمەن 12 ساڵ و ژنێکی تەمەن 40 ساڵ.
پۆلیس دەڵێت، شۆفێرەکە لە کاتی رووداوەکەدا بێهۆش بووە.