سەرۆکی ئیتاڵیا بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان: بەردەوام دەبین لە پشتگیریتان

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆشکی کۆماری ئیتاڵیا لەگەڵ سەرۆککۆماری وڵاتەکە کۆبووەوە و سەرۆکی ئیتاڵیا جەختی لە بەردەوامی پشتگیریکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە. 
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، "
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە رۆما لەگەڵ سێرجیۆ ماتارێلا، سەرۆکی ئیتاڵیا کۆبوومەوە و تاوتوێی دۆستایەتییە لەمێژینەکەی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و ئیتاڵیامان کرد".
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارە نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکە دەڵێت، "جەختمان لەسەر خواستی هاوبەشمان کردەوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکاندا".
 
نێچیرڤان بارزانی ئاماژە بەوەیش دەدات، "سوپاسی ئیتاڵیام کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، لەوانە رۆڵی سیاسی، مرۆیی و گەشەپێدان، هەروەها هاوکارییە سەربازییەکانی لە کاتی شەڕی دژی تیرۆردا".
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "سەرۆک ماتارێلا خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ دەربڕی و جەختی لە پابەنديی وڵاتەکەی بۆ پشتگيرى له‌ ئارامی، سەقامگیری و گەشەپێدانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی ئیتاڵیا "ستايش و پێزانينى ئيتاڵياى بۆ هەرێمی کوردستان وه‌ک پارێزەر و لانکەی پێكه‌وه‌ژيان و پێکهاتە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا، دووپات كرده‌وه‌".
 

 

 

تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەكانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو. له‌مباره‌يه‌وه‌ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی پاراستنى ئاشتى و سه‌قامگيرى.