ئازەربایجان هێرشی کردە سەر چەند ناوچەیەکی ناگۆرنۆ قەرەباخ


رووداو دیجیتاڵ   
 
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنێکی "دژەتیرۆر"ی بۆ سەر ئەو ناوچەیەی ناگۆرنۆ قەرەباخ دەستپێکردووە کە لە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئەرمینیادایە. 
 
رۆژی سێشەممە 19-9-2023، وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان بڵاویکردەوە، ئۆپەراسیۆنێکی "دژەتیرۆر"یان بۆ سەر ناگۆرنۆ قەرەباخ دەستپێکردووە و حکومەتەکانی رووسیا و ئۆکراینایشیان لەو ئۆپەراسیۆنە ئاگادار کردووەتەوە. 
 
وەزارەتی بەرگریی ئازەربایجان هۆکاری شەڕەکە دەخاتە ئەستۆی هێزەکانی ئەرمینیا و دەڵێت، "سوپای ئەو وڵاتە ژمارەیەک پێگەی سەربازی سوپای ئازەربایجانی تۆپباران کردووە و ئەویش لە بەرامبەردا دەستی بە ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنە کردووە بۆ ئەوەی ژمارەیەک لە هێزە سەربازییەکانی ئەرمینیا ناچار بکات لە سنوورەکەمان بکشێنەوە". 
 
وەزارەتی بەرگریی ئەرمینیا بڵاویکردەوە، ئەو تۆمەتەی دەدرێتە پاڵ سوپای وڵاتەکەی دوورە لە راستییەوە. 
 
لە 27ی ئەیلوول تاوەکو 10ی تشرینی دووەمی 2020، جەنگی ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ هەڵگیرسا. لەو جەنگەدا زیاتر لە دوو هەزار و 700 هاووڵاتیی ئەرمینیا لە سەرباز و سڤیل کوژران و لە بەرامبەردا زیاتر لە دوو هەزار و 700 هاووڵاتیی ئازەربایجانیش لە سەرباز و سڤیل کوژران.