بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شەیبانی باسی رێککەوتنەکەی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرع دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ 

بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە و مژارێکی سەرەکی کۆبوونەوەکەش رێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و حکومەتی دیمەشق بوو. 
 
ئەمڕۆ هەینی 19-9-2025 تۆمی بیگۆت، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کریستۆفەر لانداو، بریکاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. 
 
وەک بیگۆت دەڵێ، لانداو و باراک لەگەڵ شەیبانی هەندێک مژاریان تاوتوێ کردووە، لەوانەش "داهاتووی سووریا، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریا، جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئاداری نێوان سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات". 
 
بیگۆت ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا لانداو جەختی "لەم دەرفەتە مێژووییەی سووریا کردوەتەوە، بە مەبەستی دروستکردنی وڵاتێکی پڕ لە ئاشتی، خۆشگوزەران و خاوەن سەروەری، ئەوەش دوای راگەیاندنی سووککردنی سزاکانی سەر سووریا لە لایەن سەرۆک ترەمپ"ەوە لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ سعودیە. 
 
جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو پرسانە کراوە کە جێگەی نیگەرانی و بایەخی هەردوولان، لەوانەش رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پەرەدان بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان. 
 
رۆژی 18ی ئەم مانگە شەیبانی بە مەبەستی ئەنجامدانی ژمارەیەک کۆبوونەوە گەیشتە ئەمریکا و ئەوەش یەکەمین سەردانە بەرپرسێکی باڵای سووریا لە ماوەی 25 ساڵدا بۆ ئەو وڵاتە. 
 
10ـی ئاداری 2025، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر رێککەوتنێکیان واژۆ کرد. 
 
رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت. بەگوێرەی رێککەوتنەکە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا. 
 
لە رێککەوتنەکەدا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."
 
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەموو دامەزراوە سڤیل و سەربازییەکانی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتی و گازییەکان تێکەڵی ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن