بەشداربوویەکی کۆنفرانسی کوردانی قەوقاز: چیتر لەپێناو ئاین شەڕ ناكەین، لەپێناو نەتەوەكەمان شەڕ دەكەین


رووداو دیجیتاڵ

نووسەرێکی ناوداری کورد بە رووداوی گوت: "ئێمە وەك كورد چیتر لەپێناو ئاینەكەمان شەڕ ناكەین، لەپێناو نەتەوەكەمان شەڕ دەكەین، شەڕ دەكەین بۆ ئەوەی دەوڵەتی خۆمان ھەبێت، دەوڵەتی كوردستانیش ھەبێت.”
 
ئەمڕۆ لە تفلیسی پایتەختی گورجستان، دووەمین كۆنفرانسی كوردانی قەفقاس بەڕێوەدەچێت.
 
كۆنفرانسەكە لەژێر ناوی "رۆڵی كوردانی قەفقاس لە پڕۆسەی نەتەوەبووندا" بەڕێوەچوو و زیاتر لە 100 كەس لە 20 وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان تێدا كردووە.
 
نووسەری ناوداری كورد، عەسکەر بۆییك، بەشداری كۆنفرانسەكە بوو و لەگەڵ كامیز شەدادی، پەیامنێری رووداو قسەی كرد. ئەو جەختی لەوە كردەوە كە هەستكردنی نەتەوەیی لەنێو كورددا هێشتا لاوازە و گوتی: "سەختترین ئازارمان نەتەوەبوونە، هێشتا بەتەواوی نەبووینەتە نەتەوە. تا مرۆڤ نەبێتە نەتەوە، دەوڵەت دروست نابێت.”
 
عەسکەر بۆییك رایگەیاند, كوردیش لە وەرگرتنی مافەكانی خۆیاندا هەڵەیان هەبووە و گوتی: "تاوانبار خۆشمان بووین و تاوانباری ئەو سەردەمەش بوو، نەمانتوانی بڕیارە باشەكانی سۆڤیەت جێبەجێ بكەین و كوردستانی سوور زوو لەدەستمان چوو".
 
هەوەها گوتی "ئێران و عوسمانییەكان كوردستانیان وەك مەڕوماڵات بەش بەش دەكرد، بەڵام دیسان سەركەوتوو نەبوون، هەرچییان كرد كوردستان لەناو نەچوو."
 
ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا ئەو سەردەمە هاتووە كە كوردیش لەپێناو نەتەوەی خۆیان شەڕ دەكەن و گوتی: "ئێستا گەیشتووینەتە سەردەمێك كە نەتەوە دروست بوون. ئێمە چیتر لەپێناو ئاینەكەمان شەڕ ناكەین، لەپێناو نەتەوەكەمان شەڕ دەكەین، شەڕ دەكەین بۆ ئەوەی دەوڵەتی خۆمان هەبێت، دەوڵەتی كوردستانیش هەبێت."
 
عەسکەر بۆییك بە گوتنی "بەڕاستی ئێمە وەك گەل بەهێزین، بەڵام لەڕووی سیاسەتەوە كەمێك لاوازین".