بەڵگەنامەیەکی دزەپێکراو وردەکاری دەستگیرکردنی موسڵمانەکان لە چین ئاشکرادەکات
رووداو - هەولێر
دۆسیەیەکی دزەپێکراوی حکومەتی چین کە زیاتر لە 400 لاپەڕەیە، وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی موسڵمانەکانی ناوچەی سنجانی چین ئاشکرادەکات.
بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکان، دەستگیرکردنی موسوڵمانەکان بە فەرمانی راستەوخۆی شی جینپینگ، سەرۆکی وڵاتەکەوە بووە و لە بەڵگەنامەکاندا لێدوان و گوتە و فەرمانەکان لەو بارەوە تۆمارکراون. لە بەشێکیدا جینپینگ داوای کردووە هیچ بەزەییەک بەرامبەر ئەو پێکهاتانە پیشان نەدرێت.
بەڵگەنامەکان لەلایەن نیویۆرک تایمزەوە بڵاوکراونەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە، بەرپرسێکی حکومی لە چین کە نەیویستووە ناسنامەی ئاشکرابکرێت دزەی بەو دۆسیەیە کردووە.
زیاتر لە ملیۆنێک موسڵمان لەلایەن حکومەتی چینەوە دەستگیرکراون و لە کامپێکی تایبەتدا هێڵدراونەتەوە، دەستگیرکردنی ئەو کەسانە بووەتە هۆی هەڵوەشاندن و لێکترازانی خێزانەکانیان. قوتابییان خەمی ئەوەیانە کێ پارەی خوێندنیان بۆ دەدات، یان خێزانەکان نیگەرانی ئەوەن کێ بەروبوومەکەیان بۆ بچێنێ و بۆ بدورێتەوە، بەڵام بەرپرسانی چین پێیان دەڵێن "بێدەنگبن و سوپاسگوزاری حکومەت بن".
حکومەتی چین ئەو کامپانە بە زیندان ناناسێنێت، بەڵکو بە سەنتەری راهێنان و گۆڕینی بیر و بۆچوونی تووندڕەوی و تیرۆر ناودەبات.
لەدوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتەکەی نیویۆرک تایمز، گێنگ شوانگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین رەخنەی لەم هەنگاوە گرتووە و بڵاوکراوەکەی بە چاوپۆشین لە راستییەکان ناوبردووە. ئاماژەی بەوەشداوە، ئاشکراکردنی راپۆرتی نێوخۆیی وڵات کاریگەری خراپ لەسەر هەوڵەکانی حکومەتی چین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تووندڕەوەی دروستدەکات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین دووپاتیدەکاتەوە، حکومەتی وڵاتەکە هەرگیز نەرم و بە بەزەیی نابێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی.