دۆناڵد ترەمپ بۆ رووداو: من ئەحمەد شەرعم کردووەتە سەرۆکی سووریا کە تاوەکو ئێستا لەگەڵ کورد باش بووە

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە بنەڕەتدا" ئەو ئەحمەد شەرعی کردووەتە سەرۆککۆماری سووریا و دەڵێت، تاوەکو ئێستا شەرع بۆ کورد "زۆر باش بووە."
 
رۆژی هەینی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە کۆشکی سپی، دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو پرسیاری لە ترەمپ کرد کە چۆن دڵنیا دەبنەوە لەوەی ئاشتیی نێوان کورد و حکومەتی سووریا بەردەوام دەبێت؟ لە وەڵامدا ترەمپ گوتی، "سەرۆکی سووریا کە لە بنەڕەتدا من لەوێم داناوە، کارێکی ناوازە دەکات."
 
هەر لەبارەی شەرعەوە، سەرۆکی ئەمریکا بە رووداوی گوت، "ئەو کەسێکی تووندە. ئەو کەسێکی ساویلکە نییە. کەسێکی ساویلکە نەیدەتوانی ئەو کارە بکات، بەڵام سووریا وا خۆی رێکدەخاتەوە. زۆر باش خۆی رێکدەخاتەوە."
 
لە لێدوانەکەیدا بۆ رووداو، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە شەرع "تاوەکو ئێستا لەگەڵ کورد زۆر باش بووە."
 
ئەم لێدوانانە هاوکاتن لەگەڵ بڕیاری ئیدارەی ئەمریکا بۆ کشاندنەوەی نزیکەی تەواوی هێزەکانی لە سووریا کە بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا جێبەجێ بکرێت. بەرپرسانی ئەمریکا هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە حکومەتی سووریا ئامادەیی نیشانداوە بەرپرسیارێتیی سەرەکی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش لەئەستۆ بگرێت.
 
ئەم گۆڕانکارییە دوای رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی 2026 دێت لەنێوان دیمەشق و هەسەدە. بەپێی رێککەوتنەکە:
 
• هێزەکانی هەسەدە بەشێوەی قۆناخ بە قۆناخ تێکەڵ بە سوپا و ئیدارەی دەوڵەتی سووریا دەکرێن.
 
• کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوەکانی دیکە رادەستی حکومەتی دیمەشق دەکرێنەوە. 
 
• بەرپرسیارێتیی زیندانەکان کە هەزاران چەکداری داعش و خێزانەکانیانی تێدایە، دەخرێتە ئەستۆی دیمەشق.
 
جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەستیپێکردووە و هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ناوچە کوردستانییەکانی وەک حەسەکە و قامشلۆ بڵاوبوونەتەوە.
 
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەکەی میونشن لە نێوەڕاستی ئەم مانگەدا رێککەوتنەکەی بە "مێژوویی" ناوبرد و پشتڕاستی کردەوە کە ترەمپ دوو جار بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ شەرع کرد بۆ ئەوەی کۆتایی بە هێرشەکان بۆ سەر شارە کوردنشینەکان بێنێت.
 
 
دەقی پرسیاری دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشنتن و وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا:
 
رووداو: بەڕێز سەرۆک، جەنگێکی دیکە هەیە کە تۆ وەستاندت و پێویستە خاوەندارێتییەکەی وەربگری، کە لە سووریا بوو. وەزیر روبیۆ، لە دوای کۆبوونەوەی لە میونشن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا و جەنەڕاڵی کورد، مەزڵووم عەبدی، گوتی، سەرۆک ترەمپ راستەوخۆ لەسەر هێڵ بوو بۆ وەستاندنی شەڕی نێوان کورد و هێزەکانی حکومەتی سووریا. ئیدارەکەتان چۆن دڵنیادەبێتەوە لەوەی ئەم ئاشتییە بەردەوام دەبێت؟ 
 
ترەمپ: تاکە شت کە بتوانم بڵێم ئەوەیە، سەرۆکی سووریا کە لە بنەڕەتدا من لەوێم داناوە، کارێکی ناوازە دەکات. ئەو کەسێکی تووندە. ئەو کەسێکی ساویلکە نییە. کەسێکی ساویلکە نەیدەتوانی ئەو کارە بکات. بەڵام سووریا وا خۆی رێکدەخاتەوە. زۆر باش خۆی رێکدەخاتەوە. تاوەکو ئێستاش ئەو لەگەڵ کورد زۆر باش بووە.